ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا گەیشتە چین
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئابی 2024، گەیشتە چین و لە فڕۆکەخانەی بێجین لەلایەن نیکۆلاس بێرنس، باڵیۆزی ئەمەریکا پێشوازی لێکرا.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراوەتەوە، گەشتەکەی سولیڤان سێ ڕۆژ دەخایەنێت و لەگەڵ بەرپرسانی چین ستراتیجییەتی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن؛ بە تایبەت لەگەڵ وانگ یی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی چین چەند پرس و کێشەیەک تاوتوێ بکەن، لەنێویاند کێشەی چین لەگەڵ تایوان تاوەکو دەریای باشووری چین، لەگەڵ پشتیوانییەکانی چین بۆ پیشەسازی بەرگریی ڕووسیا.
کۆبوونەوەی ئەمجارەی سولیڤان و وانگ یی، دەبێتە پێنجەمین دیدار و کۆبوونەوەیان لە ماوەی یەک ساڵدا لەسەر ستراتیجییەتی پەیوەندییەکانی واشنتن و بێجین.
هەروەها مێدیاکانی چین لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان بڵاویان کردووە "چاوەڕوان دەکرێت وانگ یی، باسی ڕێوشوێنەکانی ئەمەریکا بکات لە سەپاندنی باجی گومرگی، کۆنترۆڵی هەناردەکردن و سزاکانی تاکلایەنەکان لەسەر کاڵا و کەلوپەلی چین بۆ ئەمەریکا".
سەردانەکەی سولیڤان بۆ بێجین لە کاتێکدایە، ناکۆکییەکانی چین و فلیپینی هاوپەیمانی ئەمەریکا لەسەر ناوچە جێناکۆکەکانی دەریای باشووری چین زیاتر بوون.