دیندار زێباری: گەڕانەوەی ئاوارەکان خۆویستانە دەبێت

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ڕێکخەری ڕاسپاردە نیودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێم پابەندە بە هاوکاری و خزمەتکردنی سەرجەم ئاوارەکان، هەروەها پابەند بووین بە دابینکردنی سەقامگیریی و ئارامیی بۆ سەرجەم ئاوارەکان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی ئابی 2024، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئاوارەی ناوخۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، مایەی شانازیمە لەم کۆنفرانسە گرنگەدا کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر 'بەرەوپێشبردنی مافی ئاوارە و پەنابەران بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان' لەگەڵتاندا بم. سەرەتا دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) دەربڕم بۆ بەشداربوونیان لە ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە بە هاوبەشی لەگەڵ ئۆفیسەکەمان "ئۆفیسی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان" کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

ئەو ڕێکخەرە دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی پەناگە و لانەی سەدان هەزار ئاوارە و کۆچبەر بووە، پابەندبوونمان بە دابینکردنی سەلامەتی بۆ ئاوارەکان هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، کە ئەمەش بە هەوڵ و هەماهەنگی هەمەلایەنە بەرجەستە کراوە."

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییاکان دەشڵێت: بۆ ئێمە زۆر گرنگە لە بابەتی ئەگەری داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی وریایی و هەستیاری نزیک ببینەوە، دڵنیابین لەوەی گەڕانەوەی ئاوارەکان خۆویستانە بێت و دووربێت لە زۆرەملێ و لە ژێر هەلومەرجێکی پاڵپشتکراو و ئامادەکراودا بەڕێوە بچن.

هەروەها گوتیشی: یەکێک لەو ئاستەنگانەی بەردەوام ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، نەبوونی یاسای تایبەتە، چ لەناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چ لەناو حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا، کە ڕاستەوخۆ باس لە ماف و پاراستنی ئاوارەکان بکات.

دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش دا، وەک هەوڵێک بۆ ڕێکخستنی کاروباری پەنابەر و ئاوارەکان، وەزارەتی ناوخۆ بە هاوکاری ڕێکخراوی UNHCR سەرقاڵی ئامادەکردن و داڕشتنی ڕێنمای کارگێڕییە سەبارەت بە پرۆسەی پەنابەری لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها ئەم ڕێنماییانە بەشێکن لە دەستپێشخەرییە کارگێڕی و یاساییەکانی حکوومەتی هەرێم بە ئامانجی پاراستنی مافەکانی پەناخوازان و ئاوارەکان هەروەها دیاریکردنی پابەندبوونەکانیان، ڕێنماییەکان زیاتر پەیوەستن بە ڕێکخستنی ڕێکارەکانی گەیشتن و پێشوازیکردن لە پەناخوازان هەروەها جێگیرکردنی ماف و ئەرکەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئەوان سەرنجی تەواویان خستووەتە سەر ئافرەتان و کچان لە کەمپەکاندا، کە نزیکەی 15 هەزار ئافرەت سوودیان لەم خزمەتگوزارییە بینیوە. هەروەها لەم دواییانەدا کۆمەڵێک پرۆگرامیان خستووەتە کار بۆ بایەخدان بە ئافرەتان، لەوانەش پرۆگرامی ڕاهێنان، سەرباری هەموو ئەو کارانە، هێشتە ئاڵنگارییان لەبەردەممدا ماوە، بەتایبەت ڕاگرتنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەم کامپانە. کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییەکان.

ڕاشیگەیاند، حکوومەتی هەرێم پابەندە بە هاوکاری کردن و خزمەتکردنی سەرجەم ئاوارەکان، هەروەها پابەند بووین بە دابینکردنی سەقامگیری و ئەمنیی بۆ سەرجەم ئاوارەکان، بەتایبەت ئەو ئاوارانەی لە سنووری حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەمێننەوە. هەرێمی کوردستان، ئێستە میوانداری یەک ملیۆن دوو هەزار ئاوارە کردووە، کە دەکەونە 22 کەمپەوە لە سنوورەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانییەوە.

زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین و حکوومەت سەدا 80ـی خەرجیی خزمەتگوزارییەکانیان دابین دەکات، ئامانجی ئەم کۆنفرانسەش سەرنج خستنەسەر دەرفەتەکانی هاوکاریی و پشتگیریکردنە لە بڕگەکانی پەیوەست بە ئاوارە و پەنابەران.

وێڕای ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرێمی کوردستان پەناگەی ئارامی زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەرە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندیی پێودانگە نێوەدوڵەتییەکان بووە و سەدا 80ـی خەرجیی خزمەتگوزارییەکانی لە ئەستۆی خۆی گرتووە. 

Fly Erbil Advertisment