پارێزگاری هەولێر: بۆ خزمەتکردنی ئاوارەکان، پێویستیمان بە هاوکاریی نێودەوڵەتییە
پارێزگاری هەولێر جەخت دەکاتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەڕانەوەی شکۆمەندانەی ئاوارە و پەنابەرانە. دەشڵێت: بۆ خزمەتکردنی ئاوارەکان، پێویستیمان بە هاوکاریی نێودەوڵەتییە.
سێشەممە، 27-08-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە گوتارێکدا، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئاوارەی ناوخۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان؛ باسی لە بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران، گەڕاندنەوەیان و هاوکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد.
پارێزگاری هەولێر ڕوونی کردەوە "لە ساڵی 2014 و لەو کاتەی زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا، حکوومەتی عێراق لە جیاتی ئەوەی پاڵپشتی و هاوکاریی هەرێم بکات، بە پێچەوانەوە بودجەکەی لێ بڕی. سەرەڕای ئەمەش خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەشی ئاوارە و پەنابەران کرد".
پارێزگاری هەولێر داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ خزمەتکردنی ئاوارە و پەنابەرانی دانیشتووی کەمپەکان، چونکە وەکو خۆی باسی کرد، ئێستە زۆرینەی ڕێکخراوەکان هاوکارییەکانیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
نزیکەی 350 هەزار پەنابەر لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن و لە شەش کەمپ نیشتەجێن. خۆشناو، بە پێویستی زانی کۆمەڵێک زەمینەی گونجاو بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ زێدی خۆیان بڕەخسێنرێن، ئینجا بڕیار بۆ داخستنی کەمپەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەربکرێت.
پارێزگاری هەولێر جەختیشی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەڕانەوەی شکۆمەندانە و ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەرانە و فشار لە هیچ یەکێکیان ناکات، بۆ مانەوە یان بۆ ڕۆیشتن.
ئەمە لە کاتێکدایە وێڕای ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرێمی کوردستان، بووەتە پەناگەی ئارامی زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر. حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندیی پێودانگە نێوەدوڵەتییەکان بووە و سەدا 80ـی خەرجیی خزمەتگوزارییەکانی لە ئەستۆی خۆی گرتووە.