ژمارەیەک ڕووناکبیر و نووسەری ئەورووپا: پەکەکە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەکات

ژمارەیەک ڕووناکبیر و نووسەری ئەورووپا دەڵێن: پەکەکە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەکات. ئاماژە بەوەش دەکەن، ڕێکخراوەکە، یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ تاوانکردن بەکار دەهێنێت.
سێشەممە، 27-08-2024، 36 ڕووناکبیر و نووسەری ڕۆژئاوا لە ئەورووپا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لە دژی شەڕی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و زیانە گیانی و ماددییەکانی شەڕەکە لەسەر هاووڵاتییانی سڤیلی ناوچەکە بڵاو کردەوە.
ئەو ڕووناکبیر و نووسەرانە، چالاکییەکانی پەکەکەیان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان بە "خیانەت و پاوانخوازیی" ناوبردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە، پەکەکە، "کۆمەڵگەی کوردی لەسەر ئاستی تاک و بنەماڵە دەکەنە ئامانج".
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پەکەکە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەکات و منداڵ و نەوجەوانان دەڕفێنێت و بە ناچاری و لەژێر هەڕەشەدا، چەکداریان دەکات". ئاماژە بەوەش کراوە، "ڕێکخراوەکە، هاووڵاتییانی سڤیل وەکو قەڵغان بەکاردەهێنێت".
ئەو ڕووناکبیر و نووسەرانە ڕایانگەیاندووە "هەموو ئەو کارە توندوتیژی و ئیستفزازی و بێمانا و وێرانکەرانەی پەکەکە کە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا دەیکەن شەرمەزار دەکەین".
هاوکات حکوومەتەکانی ئەورووپا ئاگادار دەکەنەوە پەکەکە، "یاساکانی ئەوروپا و دیموکراسی ئەوروپا دەقۆزنەوە بۆ کردەوەی تاوانکاریی کە پێچەوانەی یاسا، بەها، بنەما، ئەخلاق و پێوەر و بنەماکانی دیموکراسییە لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا".
پەکەکە، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ کراوە "لە ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا وەک گرووپێکی تیرۆریستی پۆلێن کراوە، تا ئێستاش لەم وڵاتانەدا، پەلاماری ئەو کەسانە دەدەن دژایەتیی دەکەن و ڕەخنەی لێ دەگرن، جا چ لە ڕێگەی پاکتاوی سیاسی یان ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی ناوبانگ بووبێت یان لە ڕێگەی دەستدرێژی جەستەییەوە، هەوڵی تیرۆرکردنیان دراوە".
ڕووناکبیر و نووسەرانی ئەورووپا دووپاتی دەکەنەوە "ئیستغلالکردنی خوێنی شەهیدان، یاریکردن بە سۆز و سۆزی خانەوادەکانیان و بەکارهێنانی قوربانیدانی کورد لەناو پارتی کرێکارانی کوردستاندا، وەک چەکێک لەدژی ئەوانەی ناکۆکن لەگەڵتان، تا هەتایە بەردەوام نابێت".