پیر دەیان جەعفەر: تونێل لە شنگال لێدەدرێت و حکوومەتی عێراق خۆی لێ بێدەنگ کردووە

پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک
پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک ڕایدەگەیەنێت: شەوان تونێل لە شنگال لێدەدرێت و حکوومەتی عێراق خۆی لێ بێدەنگ کردوو، دەڵێت: پێویستە فشار لە حکوومەتی فیدراڵی بکرێت ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات.

سێشەممە 27ـی ئابی 2024، پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، سەدا حەفتای ئاوارەکانی شنگال، دوای 10  ساڵ، هێشتا ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. دەڵێت: جینۆسایدکردنی شنگالییەکان بەردەوامە لە کاتێکدا کە ناتوانن بگەڕێنەوە. تا ئێستە دوو هەزار ئێزیدی لە ژێر دەستی داعشدا ماون، جگە لەوانەی ڕزگارکران.

پیر دەیان دەڵێت: خزمەتگوزاریی و ئاسایشی شنگال لەبار نییە بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکەی، پێویستە فشار لە حکوومەتی عێراق بکرێت ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات. هەندێ لایەن ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دەکەن. دەشڵێت: خزمەتگوزارییەکانی نێو کەمپەکان لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئاستەنگێکی گەورەی داراییە.  20 کەمپ لە سنووری دهۆک و زاخۆ هەن، مانگانە ملیۆنێک و 830 هەزار دۆلار بۆ خەرجی ئەو کەمپانە پێویستە.

پیر دەیان ئەوەی نەشاردەوە کە مەترسیی گۆڕینی دیموگرافی لە شنگال هەیە، گوتی: پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەو فشارە دروست بکات دوای سێ ساڵ، ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد "فڕۆکەی تورکیا بۆردوومانی ئەو ناوچەیە دەکات بە بیانووی بوونی ئەو هێزانە لە شنگال.. پێویستە خەڵکی شنگال قەرەبوو بکرێنەوە و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکرێت".

دەڵێت: ئەو پارەیەی حکوومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال دابینی کردووە زۆر کەمە، ئەوانەی لە دەرەوەی کەمپەکانن، ئەو بڕە پارە نایانگرێتەوە، گوتی: مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵ خەڵکی شنگال دەکرێت، پیر دەیان گوتی: بەپێی زانیارییەکان تونێل لێدراوە و گرووپەکان کاری تێدا دەکەن حکوومەتی عێراقیش خۆی لێ بێدەنگ کردووە.

Fly Erbil Advertisment