لێژنەی باڵای ئەمنی لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن کۆبوونەوە
کوردستان24 ئاشکرای دەکات، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتیی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، لە وەزارەتی ناوخۆ دەستی پێ کرد.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، پارێزگارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک لە کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی لەگەڵ بەشێک لە سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان بەشدارن، هاوکات بەرپرسانی دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاسایش و پۆلیس و زێرەڤانی و پێشمەرگە، بەرگریی شارستانیی، فریاکەوتن و نوێنەری کۆمیسیۆن ئامادەن.
بەپێی زانیارییەکان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە ئامادەکاریی بۆ دیاریکرنی ڕێوشوێنی ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا.
بەپێی زانیاریی پەیامنێری کوردستان24 "ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە پرسی پێداچوونەوە بە پلان و ڕێو شوێنە ئەمنییەکان تاوتوێ دەکات، لەگەڵ دانانی پلانی ئەمنی بۆ ڕۆژانی هەڵبژاردن و دابەشکردنی بەرپرسیارێتی ئەمنی بەسەر پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و شار و شارۆچەکەکان، هاوکات جەخت کردنەوە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام بە مەبەستی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد".