شێخان.. کارکردن لە ناوچە شوێنەوارییەکان بەردەوامە

کارکردن لە ناوچە شوێنەوارییەکانی شێخان بەردەوامە
کارکردن لە ناوچە شوێنەوارییەکانی شێخان بەردەوامە

بەهۆی گرنگیی سنووری جوگرافی ناوچەیی شێخان و هەبوونی چەند شوێنێکی مێژوویی و شوێنەواریی، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئودینەی ئیتاڵی، دەستی بە جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی گرنگ لە ناوچەکە کردووە، وەک هەڵکۆڵین و دیزاین و نۆژەنکردنەوەی شوێنە مێژووییەکان. 

دکتۆر بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ناحیەی کەلەکچی هەڵکۆڵین لە شوێنەواری گرێ گومل، کە گرنگییەکی مێژوویی زۆری هەیە، بەردەوامە".

بریفکانی باسی لەوەش کرد: شوێنەواری گرێ گومل، "شوێنی شەڕی بەناوبانگی گۆگامێلا" (شەری ئەسکەندەری مەکەدونی 331 پ.ز) بووە، لەم شەڕە دا ئەسکەندەری مەکەدونی سەرکەوتنێکی مێژوویی بە سەر داریوشی سێیەمی فارسی دا تۆمار کردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، کارێکی دیکەیان لەگەل زانکۆی ئودینەی ئیتاڵی؛ هەڵکۆڵینی شوێنەوارەکانی خەنەسە بۆ دۆزینەوەی سەرەتای کەناڵی ئاودێری کۆن کە پێش 2700 ساڵ دروست کراوە، بۆ گەیاندنی ئاو بۆ پایتەختی ئاشوورییانی ئەو کاتە.

وەکو بریفکانی ڕوونی کردەوە، ئێستا کارکردن لە سەر دیزاینکردنی پارکێکی شوێنەوارییە کە بەشە سەرەکییەکە لە خەنەسە بەردەوامە و ئامانجیان پاراستنی شوێنەوارەکانی  ئەو ناوچەیەیە.

کارێکی دیکەشیان نۆژەنکردنەوەی نەخشە هەڵکەندراوەکانی خەنەسە کە وەک نەخشی ئەسپ، گای باڵدار، هەروەها شەش نەخشی نکراندی شا سەنحاریب، نەخشەی نکراندی شێران و ژمارەیەک کووپەی ئاو کە دەکەونە سەر ڕووباری  گومل.

بریفکانی دەڵێت: ڕووپێوی شوێنەواری ناوچەی ئەتروش بۆ تۆمارکردن و دۆکیومێنتکردنی شوێنە مێژووییەکان و وەرگرتنی زانیاریی لە سەر ئەم شوێنانە گرنگە، تا بتوانن شێوازی ژیانکردنی سەردەمی کۆن بزانن، ئەم  جۆرە پرۆژانە دەبنە هۆی پاراستن و زیندووکردنەوەی مێژووی ناوچەکە.

Fly Erbil Advertisment