ڕێبەر ئەحمەد: هەموو هێزەکان لە پلانی پاراستنی هەڵبژاردندا بەشدار دەبن
K24 – هەولێر:
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەموو هێزەکان بەشداری لەو پلانە ئەمنییە دەکەن کە بە هەماهەنگی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دایدەڕێژن بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەیەکی گرنگمان هەبوو تێیدا جەخەتمان لەوە کردەوە کە دەبێت هەڵبژاردنێکی ئارام لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر بەڕێوە بچێت.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، ئاماژەی بەوە کرد، هەموو هێزە ئەمنییەکان بەشداری لەو پلانە ئەمنییە دەکەن کە بە هەماهەنگی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دایدەڕێژرێن بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
هەروەک ناوبراو باسی کرد، لە کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە هەڵبژاردنەکە بە شێوەیەکی شەفاف و لە کەشوهەوایەکی ئارام بەڕێوە بچێت و کانیدەکان لە کاتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا پارێزراو بن، بە تایبەتی کاندیدانی ئافرەت.
ڕێبەر ئەحمەد، گوتی: هاوکاری لایەنە سیاسییەکان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئارامی بەڕێوە بچێت، تا لە ئاییندەدا پەرلەمانێکمان هەبێت بتوانێت لە ڕووی یاسادانانەوە ئەرکەکانی خۆی بەجێ بگەینێت.
هاوکات سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن لە ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لێژنەی لاوەکی ئەمنی پێک هێنراوە، وەزارتەکان لەگەڵ لێژنە لاوەکییەکان هاوکار دەبن بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک دروست نەبێت.
گوتیشی: لە هەر شوێنێک کە پرۆسەی دەنگدانی تێدا بەڕێوە دەچێت و کیسەی هەبێت، شوێنی جێگرەوەی بۆ دادەنرێت، هەروەها بۆ هەموو شوێنەکان ئاسایشی پێویست دابین دەکرێت.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، باسی لە بەخشینەوەی چەک بەسەر هاووڵاتیاندا کرد و ئاشکرای کرد، هەڵگرتنی چەک یاسیا تایبەتی هەیە لە کابینەی نۆیەم یاسای چەکی بۆ دەرکراوە، هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە بەو شتانە هەڵنەخەڵەتێن و چەک وەرنەگرن، هەروەها دەبێت لایەنە سیاسییەکان ڕێز لە یاساکان بگرن و پەنا بۆ ئەم بابەتە نەبن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر کەسێک چەک دابەش بکات و هەر هاووڵاتییەک وەریبگرێت و دەست بەسەر چەکەکەدا دەگیرێت و هاووڵاتییەکە ڕاپێچی دادگا دەکرێت و سزا دەدرێت.
ڕێبەر ئەحمەد، لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی دامەزراوە مەدەنیی و ئەمنییەکانی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئامادەکردبوو و ئینجا بۆ وەزارەتی دارایی عێراقی نارد، هەروەها لێژنەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراق بە هاوبەشی وردبینییان بۆ لیستی مووچەی مووچەخۆران کردووە.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی، باسی لەوە کرد، تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەسەر لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هی ئەوە نییە کە مووچەی لەسە رابگیرێت، بەڵام لە پشت ڕاگرتنی مووچەوە ئیرادەیەکی سیاسی هەیە کە دەیەوێت هەرێم تووشی کێشە ببێت، بە تایبەتی ئێستە کە پرۆسەی هەڵبژاردنمان لەپێشە.
جەختی لەوە کردەوە، دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بیانووە و هیچ پەیوەندی بە وردبینییەوە نییە.