د. دلۆڤان محەممەد: هیچ حاڵهتێكی كۆلێرا لە هەولێر تۆمار نهكراوه
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند: هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە پارێزگای هەولێر تۆمار نەکراوە.
27ـی ئابی 2024، د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تا ئێستا له ههولێر هیچ حاڵهتێكی كۆلێرا تۆمار نهكراوه و لەگەڵ ئەوەشدا، پابهندین به ڕێنماییهكانی تهندروستی و خۆپارێزی.
هەروەها د. دلۆڤان محەممەد گوتیشی: لهسهر ڕاسپاردهی وهزارهتی تهندروستی حكوومهتی ههرێمی کوردستان، ئامادهكارییان بۆ ههر ئەگەرێکی حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا كردووه.
هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر باسی لەوەشکرد: چەند پشکنینێک کراوە کە پزیشکان گومانی بوونی ئەو حاڵەتەیان هەبووە، بەڵام ئەنجامەکان دەرکەوتووە کە هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا بوونی نییە.
ئەو بەرپرسە تەندروستییەی هەولێر جەختی لەسەر پێویستی خۆپارێزی و پاکوخاوێنی هاووڵاتییان کردەوە بەتایبەتی لە کاتی ئامادەکردنی خواردن لە چێشتخانەکان و هۆتێلەکان و ماڵەوەش، زیاتر گرنگی بە پاراستنی خاوێنی بدەن.
لەبارەی ڕێکارە تەندروستییەکانیشەوە، د. دلۆڤان محەممەد ئاماژەی بەوەکرد: تیمەکانیان بەردەوامن لە چاودێریکردن و پشکنین لە شوێنە گشتییەکان و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ ئەوەی ڕێژەی خاوێنی و بەکارهێنانی کلۆر بزانرێت لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو چەند حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆلێرا لە شاری سلێمانی تۆمارکرا و تەندروستی سلێمانیش داوای لە هاووڵاتییان کرد زیاتر پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن و ئەم ماوەیە سەوزە نەخۆن، چونكە پشكنینیان كردووە و دەركەوتووە ئەو سەوزەیەی لە بازاڕەكان و ماركێتەكان هەیە زۆرینەیان بە ئاوی قورس ئاودراون و بۆ خواردن شیاونین، هەروەها لە پشکنین دەرنەچوونە.