سه‌باح ساڵح: پتر له‌ 50 مامۆستای وانه‌بێژی قوتابخانه‌ توركمانییه‌كان له‌ بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی سوودمه‌ند ده‌بن

سه‌باح ساڵح ئه‌حمه‌د په‌نا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فێركردنی توركمان له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده
سه‌باح ساڵح ئه‌حمه‌د په‌نا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فێركردنی توركمان له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فێركردنی توركمان له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ باره‌ی به‌گرێبه‌ستكردنی مامۆستایانی وانه‌بێژ، سوودی بۆ كۆی پرۆسه‌ی خوێندن ده‌بێت.

سێشه‌ممه‌، 27ـی ئابی 2024، سه‌باح ساڵح ئه‌حمه‌د په‌نا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فێركردنی توركمان له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ باره‌ی به‌گرێبه‌ستكردنی مامۆستایانی وانه‌بێژ، كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ ده‌بێت.

سه‌باح ساڵح ئه‌حمه‌د په‌نا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، زیاتر له‌ 50 مامۆستای وانه‌بێژی زمانی توركمانی له‌م بڕیاره‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی سوودمه‌ند ده‌بن.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌و مامۆستایانه‌ی له‌ قوتابخانه‌ توركمانییه‌كان له‌ بڕیاره‌كه‌ سوودمه‌ند ده‌بن، له‌ ناوه‌نده‌كانی هه‌ردوو په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر و كفرین.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فێركردنی توركمان له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕوونیشی كرده‌وه‌، 19 قوتابخانه‌ی توركمانی له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و 15ـیان له‌ هه‌ولێرن و سێیان له‌ كفرین و یه‌كێكیش له‌ناو سه‌نته‌ری شاری سلێمانییه‌.

یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندووە. 

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە بە داخەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، هەر بۆ نموونە لە ئاستی حکوومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت هەرێم، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.

نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەمخۆری و پشتیوانیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەربڕی.