شەش کامێرای نوێی تۆمارکردنی تیژڕۆیی لە دهۆک دەکەونە کار

K24 – دهۆک:
سبەینێ لە شەش ڕێگەی سەرەکیی شاری دهۆک، کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی دەخرێنە کار و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی شارەکەش دەڵێت: سەرەتا کامێراکان وەک تاقیکاری کاردەکەن.
لەلایەن خۆیەوە، ئازاد تەها، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، سبەینێ سێشەممە (28ـی ئابی 2024) کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی لە شەش شوێنی پارێزگای دهۆک دەکەونە کار کە خێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لێیاندا سنووردار کراوە.
گوتەبێژی هاتووچۆی دهۆک داواشی لە شۆفێران کرد، پابەندی ڕێنماییەکان بن بۆ ئەوەی تووشی سەرپێچی و سزای پێبژاردن نەبنەوە.
لەبارەی شوێنی کامێراکانەوە، هاتووچۆی دهۆک ڕوونی کردووەتەوە: چوار لە شوێنانەی کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی هاتووچۆیان تێدا دەکەوێتە کار، نابێت لە کاتژمێرێکدا خێرایی لێخوڕین لە 60 کیلۆمەتر زیاتر بێت، شەقامەکانیش بریتین لە شەقامەکانی (گەڤەرکێ، چاکسازی زرکا، ئەڤریکێ و چڕە).
هەروەها لە ڕێگەی سەرەکی هەولێر - دهۆک لە ئۆڤەرپاسی سێگردکا لە شارەدێی ڕۆڤیا کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی دەکەوێتە کار کە لە هەر کاتژمێرێکدا خێرایی دیاریکراو 40 کیلۆمەترە.
هاتووچۆی دهۆک ئاماژەی بەوەشکردووە: کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی شەشەم دەکەوێتە ئۆڤەرپاسی باعەدرێ تاوەکوو ترافیکی چواڕیانی شێخان، ئەم کامێرایە بۆ ئۆتۆمبێلە بچووکەکان خێرایی 100 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا و بۆ ئۆتۆمبێلە گەورەکانیش 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ڕێگە پێ دراوە.
