گوتەبێژی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل: هیچ کێشەیەک بۆ گەشتیاران دروست نەکراوە

گوتەبێژی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ڕەتیدەکاتەوە، هاتن و چوون لە دەروازەکە ئاساییە و هیچ گرفتێکیش بۆ گەشتیاران دروست نەکراوە.
کامی کەمال عەلی گوتەبێژی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل لە پەڕەی تایبەتی کۆمەڵگەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە لە ئەورووپاوە بۆ گەشت و سەردانی گەڕابوونەوە، بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ئەو هاووڵاتییانە بە لێشاو بەرەو وڵاتانی ئەورووپا گەڕاونەتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی گەڕانەوەی زیارەتکارانی تورکیا لە تەواوکردنی ڕێوڕەسمی یادی چلەی ئیمام حسێن بۆ وڵاتەکەیان، قەرەباڵغی لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل دروستببوو.
هەروەها ڕەتیکردووەتەوە هیچ کێشە و گرفتێک بۆ گەشتیاران دروستکرا بێت و ئاماژەیداوە، ئەو دەنگۆ و زانیارییە بێ بنەمایانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بارەی دروستکردنی کێشە بۆ گەشتیاران لە کۆمەڵگە سنوورییە هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە و تەنیا قسەی هەڵبەستراون.
گوتەبێژەکەی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل ڕاشیگەیاندووە، سەرپەشتیار و بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەکە بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی تورکیا لە هەماهەنگیدان بۆ ئەوەی گەشتیاران بەبێ کێشە و گرفت گەشتەکانیان بکەن.