پاسەوانانی دەریایی یۆنان: قاچاخچییەکان بۆ خۆ ڕزگارکردن کۆچبەران فڕێ دەدەنە دەریای ئیجە

دەسەڵاتدارانی یۆنان ڕایانگەیاند، ئەو قاچاخچیانەی کۆچبەرە نایاساییەکان لە تورکیاوە دەگوازنەوە بۆ یۆنان ڕێگەیەکی مەترسیداریان گرتووەبەر بە خستنەخوارەوەی بەشێک لە کۆچبەران لە بەلەمەکانیانەوە بۆ ناو دەریا بۆ ئەوەی خۆیان دەستگیر نەکرێن.

بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، لە دوو ڕووداو کە لە کۆتایی ئەم هەفتەدا ڕوویانداوە، هەشت کۆچبەری نایاسایی ڕزگارکراون، ئەمەش لە کاتێکدایە قاچاخچییەکان بەلەمی خێرا بەکاردەهێنن، لەبری ئەو بەلەمە چووپانەی کە ماتۆڕی بچووکیان هەیە. هەروەها ڕێگەیەکی دیکەیان گرتووەتە بەر ئەویش فڕێ دانی کۆچبەرانە بۆ ناو ئاوی ئیجە، تاکوو لە دەورییە دەریاییەکانی یۆنان دەستگیر نەکرێن.

هەفتەی ڕابردوو پاسەوانی کەناراوەکان تەقەیان کردووە، بەهۆیەوە یەکێک لە کۆچبەرەکان مردووە.

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان دوێنێ سێشەممە، ڕایگەیاند کە فەڵەستینی و پیاوێکی ئەفغانی، بەلەمێکی خێرایان لێخوڕیوە، هەوڵی پێکدادانیشیان داوە لەگەڵ بەلەمێکی دەوریە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێنج لە کۆچبەرەکانیان ناچارکردووە خۆیان هەڵدەنە ناو دەریاوە و بەرەو دوورگەکە هەڵبێن، هاوکات پاسەوانی کەناراوەکان کۆچبەرەکانی ڕزگار کرد، بەڵام سێ لە کۆچبەرەکانی دیکەی بەلەمەکە لەسەر وشکانی دۆزرانەوە.

لە ڕووداوێکی دیکەدا لە دەریای دوورگەی سیمی، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕایگەیاند، سێ کۆچبەری نایاسایی ناچاربوون لە بەلەمێکی قاچاخچییەکەوە خۆیان هەڵدەنە ناو دەریاکەوە کە ڕاوەدوو نرابوون، ئەمەش وایکرد قاچاخچییەکان بگەڕێنەوە ئاوەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو سەرنشینانەی ماونەتەوە، بەڵام لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیاوە گیراون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان، ئەو سێ کۆچبەرەی لە ئاوەکانی یۆنان ڕزگارکراون، ڕایانگەیاندووە، هەریەکەیان چوار هەزار و 500 دۆلاریان داوە بۆ گواستنەوەیان.

باندە قاچاخچیەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆنتڕۆڵە توندەکانی یۆنان لەسەر ئاوەکانی ئیجە، جگە لە بەکارهێنانی بەلەمی خێرا، ڕێگای نوێشیان لە دەریای ناوەڕاستی ئیجەدا گرتووەبەر، هەروەها ژمارەی کۆچبەرانیش زیادیکردووە، بەتایبەت لە لیبیاوە بۆ دوورگەی کریتی باشووری یۆنان.

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بە گشتی 42 کەس بە دوو بەلەمی خێرا لە تورکیاوە پەڕینەوە بۆ دوورگەی لێرۆسی ڕۆژهەڵات.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پاسەوانانی کەناراوەکاندا ئاماژە بەوە شکراوە، دوو کەسی گومانلێکراوی قاچاخچی لەنێو کۆچبەرەکاندا لەسەر وشکانی دەستگیرکراون، سێیەمیشیان لە دەریادا دەستبەسەرکراوە .

بەپێی داتاکانی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئێستە لەمساڵدا نزیکەی 31 هەزار و 500 کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە یۆنان. ئەمەش کەمترە لەو ژمارەیەی کە دەگەنە ئیتاڵیا و ئیسپانیا، کە خاڵی سەرەکی پەڕینەوەن بۆ ئەو کەسانەی کە هەوڵی چوونە ناو ئەورووپا دەدەن بە شێوەیەکی نایاسایی.