لەمەودوا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆفێرانی جگەرە کێش سزا دەدەرێن

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان جگەرە کێشان لە کاتی شۆفێریدا قەدەغە کراوە و هەر شۆفێرێک لە کاتی لێخوڕینی ئوتۆمبێلدا جگەرەی بە دەستەوە بێت، سزای ماددی دەدرێت، خەڵکیش پێشوازی لە بریارەکە دەکەن.

حکوومەتی ئێران بریاریداوە ئەو شۆفێرانە سزا بدات کە لە کاتی لێخوڕینی ئوتۆمبێلدا جگەرە دەکێشن. سزای شۆفێرانی سەرپێچیکار لە شارە گەورەکان، ناوەندی پارێزگاکان و ڕێگەی نێوان شارەکان 60 هەزار تومەن و لە شار و شارۆچکە بچووکەکانیش 30 هەزار تومەنە.

هاووڵاتیان پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەن و پێیانوایە دەبێتە هۆی پاراستنی مافی سەرنشینانی ئوتۆمبێل و کەمبوونەوەی جگەرە کێشان.

هاووڵاتییەکی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بارەی بڕیارەکەوە دەڵێ "ئەم بڕیارە کارێکی زۆر باشە، چونکە جگەرە کێشانی شۆفێر جیا لەوەی بۆ خودی خۆی خراپە، بۆ سەرنشینەکان زیانی هەیە، چونکە هەموو کەسێک لە ڕووی نایەت بە شوفێر بڵێت لە نێو ئۆتۆمبێلەکەتدا جگەرە مەکێشە، بەڵام ئێستا بەم بڕیارە ڕەنگە شوفێرانیش زیاتر ڕەچاوی تەندروستی خۆیان و سەرنشینەکان بکەن".

ئەم بڕیارەی حکوومەتی ئێران لە کاتێکدایە کە جگەرەکێشان لەو وڵاتە بووەتە دیاردەیەکی گشتگیر و تەمەنی جگەرەکێشان لە نێو مێرمنداڵاندا بۆ 13ساڵ دابەزیوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی یاسا، فرۆشتنی جگەرە بە کەسانی ژێر 18 ساڵ قەدەغەیە. بەشێک لە هاووڵاتیان بڕویانوایە جگەرەکێشان بە ڕادەیەک لە نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوبووەتەوە، ئەم بڕیارەش کاریگەرییەکی ئەتۆیان نابێ.

هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت "بە سزادانی ماددی هیچ ناکرێت، چەندین کەسمان بینیوە سزای ماددی درواوە کەچی هەر لەسەر ڕەفتاکەی بەردەوامە، هەربۆیە سزای پێبژاردنی جگەرەکێشان هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت، چونکە هەر کەسێک دەبێت خۆی بە ویستی خۆی دەستبەرداری جگە کێشان بێت، ئەگەر نا بڕواناکەم کەسانی جگەرەکێش بە قسەی کەس بکەن".

ئەم سزایە بۆ ماددەی هۆشبەری وەک حەشیشە و گوڵ کە لە شێوەی جگەرە بەکار دەهێنرێن جیاوازە و ئەگەر شۆفێرێک لە پشکینین دەربکەوێت ئەو ماددە هۆشبەرانەی کێشاوە، جیا لە یەک ملیۆن و 500 هەزار تومەن سزای ماددی. ئوتۆمبێلەکەشی دەستی بەسەردا دەگیرێت و  خۆشی بە گوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دادگایی و زیندانی دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment