نوری مالیکی پرسی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لەپەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی دەوروژێنێت

جارێکی دیکە لەسەر زاری نوری مالیکی گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی لە عێراق لە پەرلەمانەوە بۆ سەرۆکایەتی دێتەوە بەرباس، مالیکی دەڵێت: تاکە چارەسەر بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانەکانی ئێستای عێراق گۆڕینی سیستەمە بۆ سەرۆکایەتی.
شیکەرەوەیەکی یاساییش دەڵێت: عێراق خاوەنی بەرزترین سیستەمی دیموکراسییە بەڵام گرووپ و میلیشیاکان بێ ڕۆڵیان کردووە، دەشڵێت عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوە و کولتوورە سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ ناگونجێت.
سەرچاوەیەک لە لایەنە شیعییەکان بە میدیای عەرەبی گوتووە: نوری مالیکی بۆیە هەوڵی هەمواری دەستوور بۆ گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی دەدات، چونکە خۆی بە شایستەی ئەوە دەبینێت کە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە دەسەڵاتی حکومڕانی، بەڵام بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە لایەنەکانی دیکە لەپێناو خۆدزینەوەیان لە ئەستۆگرتنی شکستی حکومڕانی بیر لە سیستەمی سەرۆکایەتی دەکەنەوە.
محەمەد عەنوز ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، گۆڕینی سیستەمی سیاسی پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەکان هەیە، بەڵام بەبۆچوونی ئەو گەیشتن بە ڕێککەوتن ئاسان نییە، چونکە لایەنەکان نەیانتوانیوە چارەسەریان بۆ کێشە سادەکان هەبێت، لەوانە دۆسیەی سەرۆکی پەرلەمان کە چەند مانگێکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، دەشڵێت: لۆژیکی بەهێزی و لاوازی پاڵنەری بیرۆکەی گۆڕینی سیستەمی سیاسییە بەو پێیەی هەندێک لایەن دەیانەوێت بە پێگەی زیاتر بگەن.
لەلایەکی دیکەوە محەمەد عامری شیکەرەوەی یاسایی دەڵێت: سیستەمی سیاسی لە عێراق لە پێشکەوتووترین سیستەمە سیاسییەکانی جیهانە، بەڵام گرووپ و میلیشیاکان بێ ڕۆڵیان کردووە و دەشڵێت: بەهۆی گەندەڵی دارایی گەورە سیستەمی پەرلەمانی لە عێراق شکستی هێناوە، بەڵام لەهەمانکاتدا عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە کولتوورە، سیستەمی سەرۆکایەتی ناتوانێت لەخزمەت گەلانی عێراق دابێت و ئەزموون ئەوەی سەلماندووە کە ئەم سیستەمە بەرەو دکتاتۆریەت دەچێت.
فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 ڕایگەیاندبوو، سیستەمی پەرلەمانی لە عێراق شکستی هێناوە، پێویستە دەستوور بۆ گۆڕینی سیستەمەکە بۆ سەرۆکایەتی هەموار بکرێتەوە.