هاوپەیمانیی عرووبە: ڕۆژانی داهاتوو گۆڕانکاریی لە پۆستە ئیدارییەکانی کەرکووک دەکرێت

ئەندامێکی هاوپەیمانیی عرووبە ڕایدەگەیەنێت: ڕۆژانی داهاتوو گۆڕانکاریی دروست دەبێت و ئەگەری گۆڕینی هاوکێشەی ئیداریی ئێستای کەرکووک هەیە.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لێژنەیەکی حەوت کەسییان پێکهێناوە و هەفتەی داهاتوو سەردانی هاوپەیمانیی عەرەبی و پارتی و بەرەی تورکمانی دەکەن، تاکوو بەشداربن لە پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک.
شێخ زاهیر عاسی یەکێکە لە ئەندامانی شاندەکەیە و دەڵێت: زۆر بەلامانەوە گرنگە پارتی و بەرەی تورکمانیی بەشداریی لە پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک بکەن.
شێخ زاهیر عاسی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ کوردستان24 گوتی: هەفتەی داهاتوو دەچینە لای پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی، بۆ ئەوەی بزانین داوای چی دەکەن، گوتی: ئێمە ئامادەین سازش لەسەر مافی خۆشمان بکەین بۆ برایان لەپێناو ئەوەی بەشداربن لەگەڵماندا.
هاوپەیمانیی عرووبەش دەڵێت: ڕۆژانی داهاتوو گۆڕانکاریی دروست دەبێت و ئەگەری گۆڕینی هاوکێشەی ئێستای ئیداری کەرکووک هەیە.
عەززام حەمەدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عرووبە بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمە لەگەڵ ئاڵوگۆڕی پۆستەکانین، دەمانەوێت هەموو لایەک بەشداربن، گفتوگۆ هەیە لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە دەرەوەی ئیدارەکەدان، تا ڕاددەیەک مەرجەکانیان جێبەجێ دەکرێت، گوتی: لەم نزیکانە گۆڕانکاریی لە پۆستە ئیدارییەکان و هاوکێشەی ئەنجوومەن دەبینن.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لایەنی عەرەبی لە ئەنجوومەن و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕازی بوون لەسەر ئەوەی، پۆستی پارێزگار بەشێوەی خوول بێت، ساڵێک و دوو مانگ بدرێت بە تورکمان تاکوو بەشدار بن لە ئیدارەی نوێی کەرکووک، هەروەها پۆستی جێگری پارێزگاریش بدرێت بە پارتی دیموکراتی کوردستان.
شەوی شەممە، 10-08-2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
ڕۆژی چوارشەممە، 14-08-2024، ڕێبوار تەها، وەکوو پارێزگاری نوێی کەرکووک دەست بە کار بوو؛ ڕۆژی یەکشەممەش، 18-08-2024، محەممەد حافز، وەکوو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەست بە کار بوو.