بەردی بناغەی ژمارەیەک پرۆژە لە زاخۆ دانرا
بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار دینار، بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەک لە سنووری قەزای باتیفا و ناحیەی بێگۆڤا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانرا.
چوارشەممە، 28-08-2024، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە چاودێریی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەک لە سنووری قەزای باتیفا و ناحیەی بێگۆڤا دانران.
پرۆژەکان بە گوژمەی شەش ملیار و 898 ملیۆن دینار و لەلایەن کۆمپانیای (نوور مچولی)ـییەوە جێ بەجێ دەکرێن.
پرۆژەکانی ناحیەی بێگۆڤا بریتین لە:
- دروستکردنی دەروازەی ناحیەی بێگۆڤا
- نووژەنکردنەوەی گۆڕەپان و باڵەخانەی وەرزش و لاوان لە ناحیەی بێگۆڤا
- قیڕکردنی شەقامی گوندی سووریێ – شیلانێ
پرۆژەکەی قەزای باتیفا بریتییە لە:
نووژەنکردنەوەی ڕێگەی (تاوک - خراب بابک - گۆڤکێ – دووکەرێ) بە درێژایی 35 کیلۆمەتر
دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەکان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بوو، کە لەو ڕێگەیەوە کاروباری ئیداری ئاسانتر و دەسەڵاتی بڕیاردانیش زیاتر بوو.
ڕۆژی 20-09-2021، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دامەزرێندرا. بەم بڕیارە، دەستی زیاتری ئاوەدانی گەیشتە زاخۆ و کاروباری ڕۆژانەی خەڵکیش ئاسانتر ڕایی دەکرێن.
لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ، بە گوژمەی زیاتر لە لە230 ملیار دینار، 286 پرۆژەی گەورە و بچووک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجی کراون؛ 218 پرۆژە تەواو بوونە و 68 پرۆژە لە جێبەجێکردندان و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبن و دەچنە خزمەت هاووڵاتییان.
پرۆژەکان بەم شێوەیە بەسەر کەرتەکاندا دابەش بوون:
* کەرتی شارەوانی و ڕێگا و پرد: 90 پرۆژە
* کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا: 17 پرۆژە
* کەرتی ئاو و ئاوی ژێرزەوی و چاندن: 45 پرۆژە
* کەرتی تەندروستی: 20 پرۆژە
* کەرتی کارەبا: 33 پرۆژە
* کەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوار: 16 پرۆژە
* کەرتی فەرمانگەکانی حکوومەت و ئەوقاف: 54 پرۆژە
لەو چوارچێوەیەدا، لە سەدا 81 ی شەقام و کۆڵانەکانی زاخۆ قیرتاو کراون و بەرپرسانی ئیدارەکە دەڵێن، لە ئاییندەیەکی نزیکدا شوێنێک نامێنێت قیرتاو نەکرابێت.
کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان
دوای ئەوەی زاخۆ کرایە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، 7 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نوێ لەو سنوورە دامەزرێندراون، 17 بنکە و نووسینگە و بەش کراون بە بەڕێوەبەرایەتی. هاوکات 16 بەڕێوەبەرایەتی کراونەتەوە کە پێشتر لە زاخۆ نەبوون .