ڕووسیا هۆشداریی لە دەستپێکردنی جەنگی سێیەمی جیهان دەدات

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هۆشداریی توندی بە وڵاتانی خۆرئاوادا و گوتی: گەمە بە ئاگر دەکەن، کاتێک ڕێگە بە ئۆکراینا دەدەن بە چەکی پێشکەوتوو خاکی ڕووسیا بکاتە ئامانج.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، جارێکی دیکە ئەو ڕاستیە ڕوونبووە کە وڵاتانی خۆرئاوا بە هاوکاریی سەربازیی بۆ ئۆکراینا، وەک منداڵی بچووک یاری بە شقارتە دەکەن و ئەوەش زۆر مەترسیدارە، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، هۆشداری بە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکادا کە، بەردەوامی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکراینا، مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهان زیاتر دەکات، هەروەها داواکاری کێڤی بۆ بەکارهێنانی مووشەکی Storm Shadow بۆ هێرشکردنە سەر ڕووسیا بەهەڕەشەکردن ناوبرد.
ئەم هۆشدارییەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کاتێکدایە، لە 6 ی ئابەوە هێزەکانی ئۆکراینا بەهاوکاریی سەربازیی خۆرئاوا چەند ناوچەیەکیان لە هەرێمی کورسکی ڕووسیا کۆنترۆڵکردووە و لە سنوری پارێزگای بێلگۆرەد-یش هەوڵی هێرش و پێشڕەوی دەدەن، پارێزگاری بێلگۆرەد دەڵێت، ڕەوشەکە دژوارە، بەڵام لەژێر کۆنترۆڵدایە.
تادێت جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دژوارتر دەبێت، شەوی 25/26ی ئەم مانگە، ڕووسیا لە هێرشێکی بەرفراواندا بە درۆن و مووشەک، چەندین ناوچەی ئۆکراینای کردە ئامانج، رۆژی دوو شەممە، ڤڵادیمێر زیلینسکی ڕایگەیاند، ئەمە یەکێکە لە گەورەترین هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە لە شوباتی 2022 وە.
ڤڵادیمێر زیلیسنکی سەرۆکی ئۆکراینا، ئەوەشی خستەڕوو، کە بە فڕۆکەی F16 ی ئەمریکی بەشێک لە مووشەک و درۆنەکانی ڕووسیایان پوچەڵکردووەتەوە، زیلینسکی گووتیشی: فرۆکەی F16 ئەنجامی زۆر باشی هەبووە، بەڵام ولاتەکەی پێویستی بە فڕۆکەی جەنگی زیاترە.
سەرەتای ئەم مانگە، سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند، یەکەمین کاروانی ئەو فڕۆکە جەنگییەیان بەدەست گەیشتووە کە ئەمریکا و خۆرئاوا بەڵێنیان پێدابوو.
هەریەک لە دانیمارک، نەرویج، هۆڵەندا و بەلجیکا، بەڵێنی ئەوەیان داوە، لانیکەم 79 فڕۆکەی F16 بۆ ئۆکراینا دابین بکەن، ئەمە لە کاتێکدا پێشتر بەرپرسانی باڵای ڕووسیا، لە ئەگەری پێدانی فڕۆکەی F16 بە ئۆکراینا، هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی قورستریان دەکرد.
سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەشی ئاشکرا کرد، یەکەمجارە لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا، توانیویانە مووشەکێکی بالیستی بەرهەم بهێنن، پیرۆزبایی لە سوپای وڵاتەکەی کرد، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر بدرکێنێت.
ڤلادیمێر زیلینسکی گووتیشی: سەرکەوتن لە جەنگەکەدا گرێدراوە بە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتەکەمان، مانگی داهاتووش پرۆژەی سەرکەوتن لە جەنگ دەخەینە بەردەم ئەمریکا، پلانێکی گرنگە و ئۆکراینا جێبەجێی دەکات.
رۆژی 24ی شوباتی 2022، بە فەرمانی ڤڵادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا، ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی لە دژی ئۆکراینا دەستی پێکرد، ڕووسیا بەشێکی زۆری هەرێمی دەنباسی کۆنترۆڵکردووە، لە هێرشێکی پێچەوانەدا، رۆژی 6 ی ئابی 2024، هێزەکانی ئۆکراینا ژمارەیەک گوند و شارۆچکەیان لە پارێزگای کورسکی ڕووسیا کۆنترۆڵ کردووە، ئەم پێشڕەوییەی ئۆکراینا، ترسی خستووەتە دڵی ڕووسەکانەوە، چونکە وێستگەی ئەتۆمی کورسک، ڕاستەوخۆ لە ژێر هەڕەشەی چەکدارە شەڕکەرەکانی ئۆکراینا و وڵاتانی بیانیدایە و مەترسییە لەسەر درووستبوونی کارەساتی مرۆیی گەورە.