ژاپۆن داوا لە هەزاران کەس دەکات ناوچەکانیان چۆڵ بکەن

ژاپۆن خۆی بۆ بەهێزترین زریانی ئەمساڵ ئامادە دەکات، دەسەڵاتدارانیش پێشنیار دەکەن دەیان هەزار هاووڵاتی ناوچەکانیان چۆل بکەن، هەروەها هۆشدارییان داوە لەوەی توندترین زریان ڕوو لە دوورگەی کیوشو لە باشوور بکات.
یۆشیماسا هایاشی، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ژاپۆن لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پێشبینی دەکرێت ڕۆژی پێنجشەممە، زریانی 'شانشان' کە زۆر بەهێزە لە باشووری دوورگەی کیوشو نزیک بێتەوە.
هایاشی کە بە گوتەبێژی حکوومەتیش دادەنرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت زریانەکە بەهێز و شەپۆلەکانیش بەرز بن، زریانەکان دەگەنە ئاستێک کە زۆر کەس پێشتر نەیبینیوە.
نزیکبوونەوەی زریانەکە، کە خێراییەکەی دەگاتە 252 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، هەروەها بارانی بەخوڕ لە ناوچە جیاوازەکاندا، بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیای گەورەی تۆیۆتا بەرهەمهێنان لە هەر 14 کارگەکەی لە ژاپۆن ڕابگرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای ئەوەی زەویخزانێک لە شاری گاماگۆری لە پارێزگای ئایچی ژاپۆن ڕووی دا، تاوەکو ئێستا دوو کەس بەو هۆیەوە بزرن.
سەبارەت بە باشووری کیوشو، دەستەی کەشناسیی ژاپۆن پێشبینی دەکات ئاستی بارانبارین لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا بگاتە 1100 ملم.
هەروەها بەرپرسان پێشنیازییان بۆ 56 هەزار کردووە کە ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، چونکە هۆشدارییەکی توند لەو بارەوە دراوە.
ساتۆشی سوگیمۆتۆ، سەرۆکی دەستەی کەشناسی ژاپۆن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هۆشدارییەکان ئاماژەن بۆ ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی گەورە کە لە ئەنجامی زریانەکەوە دەبێت.
هاوکات هێڵی ئاسمانی ژاپۆن 172 گەشتی ناوخۆیی و شەش گەشتی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە هەڵوەشاندەوە. هەروەها کۆمپانیای ANA، 219 گەشتی ناوخۆیی و چوار گەشتی نێودەوڵەتی لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینی هەڵوەشاندەوە. کە کاریگەری لەسەر نزیکەی 25 هەزار گەشتیار هەیە.
هەروەها کۆمپانیای هێڵی ئاسنی کیوشو ڕایگەیاندووە، بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی شەمەندەفەرە خێراکانی 'شینکانسن' لە نێوان کومامۆتۆ و کاگۆشیماچو لە شەوی چوارشەممەوە ڕادەگرێت.
جەختیشی کردەوە، ڕەنگە شەمەندەفەرەکانی نێوان تۆکیۆ و فۆکۆکا کە پڕ دانیشتووترین شاری کیوشویە، هەڵبوەشێنرێتەوە.
زریانی شانشان دوای زریانی ئەمبێل دێت کە لەم مانگەدا سەدان گەشت و شەمەندەفەری پەکخست، سەرەڕای ئەو بارانە زۆرەی لەگەڵیدا بوو، بەڵام تەنها بریندار و زیانێکی کەمی لێکەوتەوە.

