هێمن میرانی: هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ پاراستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ر سێ ئه‌ڵقه دابه‌ش ده‌كرێن

نزیكه‌ی دوو مانگ ماوه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به ڕێوه بچێت، هه‌ندێك لایه‌ن به‌ر له واده‌ی ده‌ستپێكردنی پرۆپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به جۆرێك له جۆره‌كان ده‌ستیان به بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن كردووه. هاوكات وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌كاریی پێویستی بۆ كه‌شێكی ئارام كردووه. به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ، كه له لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌د له كوردستان24ـوه پێشكه‌ش ده‌كرێت، بۆ تاوتوێكردنی ئه‌م پرسه، میوانداریی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردووه.
له سه‌ره‌تادا هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوە کرد "هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه له 20ـی ئۆكتۆبه‌ری 2024 به ڕێوه ده‌چێت، پرۆسه‌یه‌كی نوێ نییه و له لایه‌ن هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پرۆسه‌یه‌كی ئاشنایه و له كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای ئه‌منیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كرایه‌وه هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كی پێویست بكرێت بۆ به‌ڕێوه‌چوونی به شێوه‌یه‌كی هێمن و وه‌كوو پرۆسەیەکی دیموكراسی و هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به ئازادی به‌شداریی تێدا بكه‌ن".
هێمن میرانی گوتیشی: هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كی پێویست ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌یه‌كی هێمن به ڕێوه بچێت و هاووڵاتی، سندووقه‌كانی ده‌نگدان و كارمه‌ندانی كۆمیسیۆن و سەرجەم به‌شداربووانی پرۆسه‌كه‌ی تێیدا پارێزراو بن.
میرانی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا "پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شێكه له دیموكراسییه‌تی هه‌ر ڕژێمێك، به‌ڵام پێویستی به پاراستن هه‌یه و ده‌بێت پارێزگاری له شه‌فافیه‌ت و هێمن و ئازادییه‌كه‌ی بكرێت، به شێوه‌یه‌ك هه‌موو هێزه ئه‌منییه‌كان به سێ ئه‌لقه دابه‌ش ده‌كرێن، پۆلیس ئه‌لقه‌ی یه‌كه‌كی پاراستنی بنكه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگده‌ران له ئه‌ستۆ ده‌گرێت، هاوكات ئه‌لقه‌ی دووه‌م ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هێزه‌كانی ئاسایش و ئه‌لقه‌ی سێیه‌میش له ئه‌گه‌ری پێویستدا له ئه‌ستۆی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌بێت. له لایه‌كی دیكه هێزه‌كانی زێره‌ڤانی و فریاكه‌وتنیش وه‌كوو هێزی پاڵپشتی له ئه‌ركدا ده‌بن".
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ئه‌م ڕێكارانه سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه و شاره‌دێكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه و له لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای ئه‌منییه‌وه كه وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و هه‌موو هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تێیدا به‌شدار ده‌بن. له پاڵ ئه‌م لیژنه باڵایه‌دا، لیژنه‌ی لاوه‌كی (فه‌رع)ـیش هه‌یه، كه پارێزگار و سه‌رپه‌رشتیارانی ئیداره سه‌ربه‌خۆكان، سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌ن.
هێمن میرانی تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، به‌رپرسانی ئه‌منی، شاره‌وانی و په‌روه‌رده‌یی و ته‌ندروستی له لیژنه لاوه‌كییه‌كاندا به‌شداری ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی باشترین زه‌مینه بۆ هه‌ڵبژاردنێكی هێمنانه و ئازادانه خۆش بكه‌ن.
هێمن میرانی له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌ن و هێزی سیاسییه‌وه به‌ر له واده‌ی دیاریكراو، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕ‌اكێشا "ئه‌م كاره باش نییه، كه ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌س پۆسته‌ریان دروست كردووه و بڵاویان كردووه‌ته‌وه، كه هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسا و ڕێنماییه‌كانی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه و كۆمیسیۆن ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه سزایان بدات. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا لایه‌نی پاڵپشتییه بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه و سزادان له لایه‌ن كۆمیسیۆنه‌وه ده‌بێت".
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕوونیشی كرده‌وه "زانیارییه‌كان له باره‌ی دابه‌شكردنی چه‌ك له لایه‌ن لایه‌نی سیاسییه‌وه به هاووڵاتییان به‌رده‌ست و به‌ڵگه‌دارن، له‌م سۆنگه‌یه‌وه دابه‌شكردنی چه‌ك له لایه‌ن هه‌ر لایه‌نێكه‌وه بكرێت، هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه مامه‌ڵه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه بكه‌ن و هه‌ر هاووڵاتییه‌كیش چه‌ك وه‌ربگرێت، وه‌كوو چه‌كی قاچاخ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت".
هێمن میرانی هەروا گوتی: كه‌شی هه‌ڵبژاردن و مانگێك بۆ دوو مانگه، به‌ڵام كابینه‌ی داهاتوو بۆ چوار ساڵه و پێویسته له‌م دیدگه دوورمه‌ودایه‌وه كه‌شێكی ئارام و ئاسایش بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكرێت، بۆیه هه‌موو كه‌مپه‌ینێكی هه‌ڵبژاردن پێویسته له چوارچێوه‌ی ئاسایش و ئارامی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندا بێت.
جه‌ختیشی كرده‌وه "خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه و هه‌موو هێز و لایه‌ن و لیسته‌كان ده‌ناسێت و به هۆشیارییه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات، به لای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئه‌وه گرنگه حزبه سیاسییه‌كان له چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێنماییه‌كاندا مامه‌ڵه بكه‌ن و -هه‌ر كه‌س به‌سه‌ر یاری خۆیدا هه‌ڵبڵێت- نه‌ك هێرش بكاته سه‌ر خه‌ڵكی دیكه".
سێشه‌ممه، 27ـی ئابی 2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەیەکی گرنگمان هەبوو تێیدا جەخەتمان لەوە کردەوە کە دەبێت هەڵبژاردنێکی ئارام لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر بەڕێوە بچێت.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، ئاماژەی بەوە کرد، هەموو هێزە ئەمنییەکان بەشداری لەو پلانە ئەمنییە دەکەن کە بە هەماهەنگی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دایدەڕێژرێن بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
هەروەک ناوبراو باسی کرد، لە کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە هەڵبژاردنەکە بە شێوەیەکی شەفاف و لە کەشوهەوایەکی ئارام بەڕێوە بچێت و کانیدەکان لە کاتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا پارێزراو بن، بە تایبەتی کاندیدانی ئافرەت.
ڕێبەر ئەحمەد، گوتی: هاوکاری لایەنە سیاسییەکان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئارامی بەڕێوە بچێت، تا لە ئاییندەدا پەرلەمانێکمان هەبێت بتوانێت لە ڕووی یاسادانانەوە ئەرکەکانی خۆی بەجێ بگەینێت.
هاوکات سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن لە ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لێژنەی لاوەکی ئەمنی پێک هێنراوە، وەزارتەکان لەگەڵ لێژنە لاوەکییەکان هاوکار دەبن بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک دروست نەبێت.
گوتیشی: لە هەر شوێنێک کە پرۆسەی دەنگدانی تێدا بەڕێوە دەچێت و کیسەی هەبێت، شوێنی جێگرەوەی بۆ دادەنرێت، هەروەها بۆ هەموو شوێنەکان ئاسایشی پێویست دابین دەکرێت.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، باسی لە بەخشینەوەی چەک بەسەر هاووڵاتیاندا کرد و ئاشکرای کرد، هەڵگرتنی چەک یاسیا تایبەتی هەیە لە کابینەی نۆیەم یاسای چەکی بۆ دەرکراوە، هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە بەو شتانە هەڵنەخەڵەتێن و چەک وەرنەگرن، هەروەها دەبێت لایەنە سیاسییەکان ڕێز لە یاساکان بگرن و پەنا بۆ ئەم بابەتە نەبن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر کەسێک چەک دابەش بکات و هەر هاووڵاتییەک وەریبگرێت و دەست بەسەر چەکەکەدا دەگیرێت و هاووڵاتییەکە ڕاپێچی دادگا دەکرێت و سزا دەدرێت.