مێدیا توركییه‌كان: توركيا چوار مه‌رجی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سووریا هه‌یه‌

به‌شار ئه‌سه‌د و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكانی سووریا و توركیا
به‌شار ئه‌سه‌د و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكانی سووریا و توركیا

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له‌م كاته‌دا له‌ ئارادا نییه‌ چونکە هێشتا   تیرۆر له‌ سنووره‌كانی باشوور هه‌ڕه‌شه‌یه‌.

چوارشه‌ممه‌، 28ـی ئابی 2024، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت، به‌ پێویستی زانیوه‌ به‌ر له‌ باسكردنی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له‌ سووریا، ئه‌و وڵاته‌ له‌ تیرۆر پاک بكرێته‌وه‌ و كه‌شێكی له‌بار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ئاواره‌كان بڕه‌خسێنرێت.

به‌ پێی مێدیا توركییه‌كان، سه‌رچاوه‌كان چوار مه‌رجیان بۆ دووباره‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و سووریا دیاریی كردووه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌: پاككردنه‌وه‌ی سووریا له‌ تیرۆر، پاراستنی سه‌لامه‌تی خاك و یه‌كێتییه‌كه‌ی، به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌ ڕاسته‌قینه‌ و گشتگیره‌كان و هێنانه‌ی ئارای پرۆسه‌ی سیاسی و ده‌ستوورێكی نوێ له‌ چوارچێوه‌ی بڕیاری (2254)ـی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشیی نێوده‌وڵه‌تی.

له‌ لای خۆیه‌وه‌، عه‌بدولقادر سێڵڤی، نووسه‌ری نزیك له‌ ده‌سه‌ڵاتی توركیا، هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، دوو شێواز هه‌یه‌ بۆ دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و سووریا.

عه‌بدولقادر سێڵڤی ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌، یه‌كه‌میان بریتییه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان جێگرانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگریی هه‌ردوو وڵات و پاشان كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانیان. دووه‌میشیان بریتییه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا و به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا به‌ پێی پێشنیازی پێشووی به‌غدا.