وەزیری بەرگری تورکیا لە جۆلەمێرگ بەردەوامیی ئۆپراسیۆنەکانی دەرەوەی سنووری ڕایگەیاند

یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا، لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستانەوە، لە ناوەندی فەرماندەیی فیرقەی سێی هێزی پیادە پرسی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژی چەکدارانی پەکەکەیان تاوتوێ کردووە و ڕایگەیاندووە، ئۆپراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور بەردەوام دەبن.
وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاوی کردووەتەوە "لەو کۆبوونەوەیەدا، بەشێک لە فەرماندە سەربازییەکانی سوپای تورکیا بە ڤیدیۆ بەشداریی تاوتوێکردنی پلانیی نوێی ئۆپراسیۆنەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی سنووری تورکیا کردووە".
لەلایەن خۆیەوە وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاندووە "ئامانجیان نەهێشتنی هەموو جۆرە هەڕەشەیەکە لە سەرچاوەکەیەوە، بەر لەوەی ئەوەی بگاتە سنوورەکانی تورکیا". ئاماژەشی داوە "ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە دەرەوەی تورکیا بەردەوام دەبن".
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا بە فەرماندە سەربازییەکانی ڕاگەیاندووە: لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پلانیان هەیە لە گوندەکانی باکووری کوردستان هاوکار بۆ هێزە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دامەزرێنن و ئەو مەترسی و هەڕەشانەشی لە ناوخۆ لەسەر ئاسایش و سەقامگیری تورکیا هەبوون، خەریکە نامێنن.
هەروەها گوتوویەتی: بە فراوانکردنی ئۆپراسیۆنەکان، ئەو سەرچاوانەی تیرۆر کە لە دەرەوەی سنوورەکانەوە بوونەتە مەترسی و هەڕەشە لە سەر ئاسایشی تورکیا، خەریکە بنەبڕی دەکرێن و ئەو ڕێڕەوی تیرۆریستییەی کە مەبەست بوو لەسەر سنوورەکانمان دابنرێت، هەڵوەشێنراوەتەوە و ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە ناوخۆی وڵاتدا گەیشتووەتە ئاستی لەناوچوون.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتوویەتی: لە قۆناغی داهاتوودا، بە پەرەپێدانی زیاتر و فراوانکردنی ئەو کۆنترۆڵەی تا ئێستا لە مەیدانەکەدا دامەزراندمان، هیچ شوێنێک بە بێ دەست لێدان نامێنێتەوە و هەژموونی ڕەها لە مەیدانەکەدا دادەمەزرێنرێت بە مەبەستی نەهێشتنی توانای ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بۆ کردەوە و جووڵە.
سوپای تورکیا، لە 9ـی تشرینی یەکەمی 2019، ئۆپراسیۆنی کانیاوی ئاشتی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەستپێکرد و چەندین کیلۆمەتر سنووری ئەو وڵاتەی بەزاندو هێزەکانی جێگیر کردووە.
هەروەها لە 18ـی نیسانی 2022، ئۆپراسیۆنی وشکانی و ئاسمانییەوە بەناوی "چنگ-قفڵ" بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی زاپ، مەتین و ئاڤاشین لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ کردووە.