بۆرێل، زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆ داهاتی سڕکراوی ڕووسیا دەداتە ئۆکرانیا

جۆزێپ بۆرێل، کۆمیساری ئاسایش و کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ڕایگەیاند "دەستپێکردنی گواستنەوەی داهاتی سەروەت و سامانی ڕووسیا لە یەکێتیی ئەورووپا دانراوە بۆ دابینکردنی دارایی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا، بە بڕی یەک ملیار و 400 ملیۆن یۆرۆ.
بۆرێل، پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە ئامادەبوونی دیمیتری کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، گوتی: دەستمان کردووە بە بەکارهێنانی داهاتی سڕکراوی ڕووسیا و بڕی 1.4 ملیار یۆرۆمان گواستەوە بۆ ئۆکرانیا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ دابینکردنی دارایی پێداویستییە سەربازییەکان.
ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا هۆشداریی دایە ڕۆژئاوا لە دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی سڕکردووی ڕووسیا و قازانجەکانی، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، هەر هەوڵێک بۆ زیانگەیاندن بە ڕووسیا بە دزییەکی ڕوون دادەنرێت و بێ سزاش تێناپەڕێت.
ئەو پارەیەی ڕۆژئاوا سڕی کردووە، نزیکەی 300 ملیار یۆرۆ بوو، لەو ڕێژەیە 200 ملیار لە یەکێتیی ئەورووپا بوو.
ئەنتۆن سیلوانۆڤ، وەزیری دارایی ڕووسیا دووپاتی کردەوە، ڕووسیا بەشی ئەوەندە داهات و سامانی ڕۆژئاوای لایە کە دەتوانرێت دەستی بەسەردا بگیرێت و سڕی بکات و هەروەها ڕووسیاش بە بڕیاری گونجاو وەڵامیان دەداتەوە.