کەناڵێکی ئیسرائیلی: ناتانیاهۆ بە ئاگربەستی کاتیی لە کەرتی غەززە ڕازی بووە

کەناڵێکی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ بە پێشنیازێکی ئەمەریکا بۆ ئاگربەستی کاتیی لە کەرتی غەززە ڕازی بووە بۆ ئەوەی منداڵانی فەڵەستینی لە دژی ڤایرۆسی ئیفلیجی ڤاکسین بکرێن، بەڵام نووسینگەی ناتانیاهۆ ڕێککەوتنێکی وەها ڕەت دەکاتەوە.
کەناڵی 13ـی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە "سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە پێشنیازەکەی ئەمەریکا ڕازی بوون کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دوا سەردانەکەیدا بۆ تەلئەڤیڤ بە سەرۆکی حکوومەتی جەنگی ڕاگەیاندبووە بۆ ئەوەی ئاگربەستێکی کاتیی بکرێت".
بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵە ئیسرائیلییەکە، ئاگربەستە کاتییەکە هیچ پەیوەندییەکی بە دانووستانەکانی ئاگربەستی تەواوەتی و ڕاگرتنی شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان و ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکانەوە نییە، بەڵکو ئەو ڕەزامەندییە دراوە تەنیا بۆ ئاگربەستێکی کاتیی و بەڕێوەچوونی هەڵمەتی ڤاکسینکردنی منداڵانی کەرتی غەززە دژی ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵانە، بەڵام ماوەی و کاتی دەستپێکردنی ئاگربەستەکە دیاری نەکراوە.
کەناڵ 13ی ئیسرائیل ئاشکراشی کردووە "بڕیارەکە لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیران و دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دراوە، بەبێ ئەوەی وەزیرەکانی کابینەی سیاسی و سەربازیشی لێ ئاگادار بکرێتەوە، بەڵام نووسینگەی ناتانیاهۆ ڕەتی کردووەتەوە هیچ قسەیەک یان ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست کرابێت، ئەوەی هەیە تەنیا دیاریکردنی چەند بنکە و شوێنێکە بۆ ڤاکسینکردنی منداڵانی کەرتەکە".
هەروا کەناڵەکە بڵاوی کردووەتەوە، ڕازی بوونی ناتانیاهۆ لە کاتێکدا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەرپرسانی کەرتی تەندروستی ئیسرائیل هۆشداریان لە مەترسییەکانی تووشبوونی سەربازانی ئیسرائیل بە ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان دابوو لە کەرتی غەززە، هەروەها مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆکەشیان لە ناوخۆی ئیسرائیل ڕاگەیاندبوو لە ئەگەری گەڕانەوەی سەربازەکان بۆ نێو خانەوادەکانیان.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە 16ی ئەم مانگەدا یەکەم حاڵەتی تووشبووی ئیفلیجی منداڵانی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، کە منداڵێکی تەمەن 10 مانگ بووە بەهۆی ئەوەی هیچ ڤاکسینێکی دژە ئیفلیجی پێ نەدراوە.
دوای بڵاوبوونەوەی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆکە، ڕێکخراوی ئۆنراو ڕێگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف ئامادەن هەڵمەتێک سەرتاسەری بۆ ڤاکسینکردنی 640 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە دژی ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان بەڕێوەببەن. هاوکات، یونیسیف ئامادەیی ڕایگەیاندووە، کە 1.2 ملیۆن ڤاکسینی جۆری دووی بۆ ڕێگریی لە تووشبوون و بڵاوبوونەوەی ئیفلیجی منداڵانی غەززە دەستەبەر دەکەن.
لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی وێرانکاری بۆ سەر کەرتی غەززە دەست پێ کرد و بەگوێرە ئامارە فەرمییەکانی کەرتی تەندروستی فەڵەستین تاوەکوو ئێستا لە کەرتی غەززە زیاتر لە 40 ههزار كهس کوژراون زیاتر له 93 ههزار كهسی دیکەش برینداربوون کە 70%ـی قوربانییهكان منداڵان و ئافرهتانن.