سەفین دزەیی: سەبارەت بە سەردانی پزیشکیان بۆ هەولێر هیچ زانیارییەکمان پێ نەگەیشتووە
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە بارەی سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەولێر هیچ زانیارییەکمان پێ نەگەیشتووە و دەبارەی پرسی مووچەش ڕایگەیاند، چاوەڕوانمان نەدەکرد دوای یەکلاییکردنەوەی پرسەکان لە بودجە و دادگا چیتر گرفت و کێشە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت.
سەبارەت بە سەردانی سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەولێر، سەفین دزەیی لە وەڵامی کوردستان24 گوتی: تاوەکوو ئێستا ئاگادار نەکراینەتەوە کە بەرنامەی گەشتەکەی چییە و چۆن دەبێت، هەرچەندە سەرۆککۆماری پێشووی ئێران بەر لە ڕووداوەی کۆچی دوایی بڕیار بوو سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام تا وەکوو ئێستا دیار نییە ئاخۆ سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە سەردانەکەی بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات یان نا.
هەر لە وەڵامی کوردستان24 گوتی: لە پرسی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر ڕوونە و دەبێت هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە کە بەدڵنیاییەوە وڵاتانی دراوسێش لێی سوودمەند دەبن، هەربۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگریی لەسەر ئەو ڕێڕەوی دەکاتەوە کە ئێمە پێمان باشە.
سەبارەت بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی گوتی: ئەم بابەتە هەم لە یاسای بودجە، هەم لە دادگا یەکلایی بووەتەوە و کۆتایی پێ هاتووە، هەربۆیە ئەو گرفت و بەربەستانەی دروست دەکرێن بەشێکیان بیانوون لەسەر وردە شت، ئەگەرنا پەیوەندییەکی باش لەنێوان چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق هەیە و هەر زانیاریی و پێویستییەک هەبێت بە حکوومەتی عێراق دراوە. بۆیە چاوەڕوانییەکانی ئێمە ئەوە بووە کە مانگانە مووچە بەبێ کێشە و گرفت خەرج بکرێت، نەک ببێتە بابەتی گفتوگۆ و دانووستان، چونکە بابەتی مووچە لە کۆبوونەوەکانی پێشوو یەکلایی کرابووەوە، هیوادارین لەم مانگە بەدواوە چیتر پرسی مووچە نەبێتەوە بابەتی گفتوگۆکان.