ئەڵمانیا سەرۆکی ناوەندی قەدەغەکراوی ئیسلامیی دیپۆرت دەکاتەوە

پێنجشەممە، 29-08-2024، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازە سەرۆکی ناوەندێکی ئیسلامیی دیپۆرت بکاتەوە کە لە مانگی تەمموزدا قەدەغەی کردبوو، بەوەی ئەوەی گوایە پەیوەندی بە گروپە توندڕەوەکانەوە هەیە.
پۆلیس پێنج هەفتە لەمەوبەر هەڵیان کوتایە سەر ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ دوای ئەوەی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە "ڕێکخراوێکی توندڕەوی ئیسلامییە" و پەیوەندی بە ئێران و گروپی حزبوڵای لوبنانەوە هەیە.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، محەممەد موفەتتیح تەمەن 57 ساڵ، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندەکە بڕیاردراوە لە ماوەی 14 ڕۆژدا ئەڵمانیا بەجێ بهێڵێت و ئەگەر پابەند نەبێت، ڕووبەڕووی دیپۆرتکردنەوە دەبێتەوە.
گوتەبێژەکە دووپاتی کردەوە "ڕێگەی پێ نادرێت بگەڕێتەوە ئەڵمانیا و ئەگەر هاتە ناو ئەڵمانیاش ئەگەری هەیە تا سێ ساڵ زیندانی بکرێت".
ئەندی گرۆت، وەزیری ناوخۆی ویلایەتی هامبۆرگ بە ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، دەیپۆرتکردنی موفەتتیح "هەنگاوێکی لۆژیکی داهاتووە" بەرامبەر بە ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ.
سەبارەت بە قەدەغەکردنی ئەو ناوەندە لە مانگی تەمموزدا، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە "نوێنەری ڕاستەوخۆی ڕێبەری باڵای ئێران" و بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای تاران "بە شێوەیەکی شەڕەنگێزانە" تۆمەتبار کرد.
وەزارەتەکە ناوەندەکەشی تۆمەتبار کرد بە پاڵپشتیکردنی "ڕەهەندی سەربازی و سیاسی" ڕێکخراوەکانی وەک حزبولڵا.
فرانس پرێس نووسیویەتی کە ئەڵمانیا حزبولڵای لوبنان بە "رێکخراوی تیرۆریستی شیعە" دەزانێت و لە ساڵی 2020دا حزبوڵلای قەدەغە کرد کە چالاکیی لەسەر خاکی خۆی بکات.
ئێران بە تووڕەییەوە کاردانەوەی بەرامبەر ئەو تۆمەتانە نیشان دا و هەفتەی ڕابردوو پەیمانگایەکی زمانی ئەڵمانی لە تاران داخست، ئەمەش وەک هەنگاوێکی "تۆڵە بە تۆڵە" دەرکەوت.
ئەم هەنگاوەی دژی موفەتتیح، لەگەڵ ئەوەدایە کە دیپۆرتکردنەوە لە کارنامەی سیاسی ئەڵمانیادا بەرزە، دوای هێرشێکی کوشندە بە چەقۆ لە شاری سۆلینگن لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا.
لەو هێرشەدا، سێ کەس کوژران و هەشت کەسیش بریندار بوون، کە گوایە پەناخوازێکی سووری کردوویەتی و گروپی دەوڵەتی ئیسلامی داوای کردووە.
هێرشەکە جارێکی دیکە مشتومڕێکی تاڵی لەسەر بابەتی کۆچبەری لە ئەڵمانیا وروژاندەوە، ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەڵێنی دا "هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی ئەوانەی ناتوانن و نابێت لێرە لە ئەڵمانیا بمێننەوە، بگەڕێندرێنەوە و دیپۆرت بکرێنەوە".