بەریتانیا کۆچبەرانی 11 وڵات دیپۆرت دەکاتەوە و عێراقیشی تێدایە

K24 – هەولێر:
حکوومەتی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی پارتی کرێکاران لە هەوڵی گەڕاندنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی نایاساییە بۆ وڵاتەکانیان بە ئامانجی کەمکردنەوەی ژمارەی پەنابەران کە عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە.
ڕۆژنامەی فاینانشال تایمز بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی بەریتانیا پرۆژەیەکی هەیە بۆ ئەوەی هاوبەشی بازرگانی بدۆزێتەوە تاوەکوو لە رێگەی گرێبەستێکی سێ ساڵەوە کە بەهاکەی زیاتر لە 15 ملیۆن پاوەندە، بۆ هاوکاریکردن لە گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە بۆ وڵاتەکانیان.
لەبارەی ئەو وڵاتانەی بڕیارە بەریتانیا کۆچبەرانی نایاسایی بۆ دیپۆرت بکاتەوە، بریتین لە 11 وڵاتە، لەوانەش، عێراق، پاکستان، ئەلبانیا، بەنگلادیش، ئەسیوپیا، غانا، هیندستان، ، جامایکا، نەیجیریا ، ڤێتنام و زیمبابۆی.
بەپێی ئەو گرێبەستەی حکوومەتی بەریتانیا لە ڕێگەی ئەو بەڵێندەرانەی وەک هاوبەشی بازرگانی کاریان لەگەڵ دەکات، هاوکار دەبێت لە دابینکردنی خۆراک و چاودێریکردنی خێزانەکان و پاڵپشتی کردنیان لە دۆزینەوەی هەلی کار.
ئەمەش لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو، ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئامانجی حکوومەتەکەی ئاشکرا کرد، کە دەیەوێت لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا، بگاتە بەرزترین ڕێژەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی کە داواکارییەکانیان ڕەتکراوەتەوە، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا.
لە لایەن خۆشیانەوە، میدیاکانی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە، حکوومەتی بەریتانیا دەیەوێت تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە 14 هەزار کۆچبەری نایاسایی کە داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی ڕەتکراوەتەوە، بۆ وڵاتەکانیان دیپۆرت بکاتەوە.
لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکوومەتی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی کییەر ستارمەر لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵ، بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن، کاری بەردەوام دەکات بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی چوونی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییەکان.
بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەر لە وڵاتی فەرەنساوە بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا و ئەم ژمارەیەش کەمترە بەراورد بە ئەو ژمارانەی لە 2022 تۆمار کراون، هاوکات تاوەکوو ئێستاش نزیکەی 119 هەزار کەسی دیکەش لە چاوەڕوانی یەکلایی کردنەوەی دۆسیەکانیان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی.