ئەحمەد کیکی: پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەبێتە ئۆپۆزسیۆن

ئەحمەد کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا
ئەحمەد کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەڵێت: ئەوانەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەسەڵاتدران دەیانەوێت پارێزگاکە تێک بدەن و پێکەوەژیان نەهێڵن.

ئەحمەد کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، ڕایگەیاند: پارتی و چەند هێزێکی دیکەی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کە ژمارەی کورسییەکانیان 13 کورسییە دەبنە ئۆپۆزسیۆن و کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕەت دەکەنەوە.

ڕاشیگەیاند، ئەوانەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەسەڵاتدران دەیانەوێت پارێزگاکە تێک بدەن و پێکەوەژیان نەهێڵن، تا ئەوانیش لە دەسەڵات بن ناگەڕێنەوە ناو ئەنجوومەنی پارێزگا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنەکانی پارتی و نەینەوای یەکگرتوو، ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان گۆڕی کە بەشێک لەو ناوچانە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن و دەکەونە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

هاوکات فراکسیۆنی پارتی و نەینەوای یەکگرتوو بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و ئەندامێتیی خۆیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەسارد.

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێک دێت، بۆ دوو هاوپەیمانی سەرەکیی دابەش دەبێت، هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو کە 13 کورسیی هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستانیشی تێدایە، لەگەڵ هاوپەیمانیێتی نەینەوای داهاتوو کە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی تێدایە و 16 کورسییان هەیە.

Fly Erbil Advertisment