بەرەی تورکمانی بەشداریی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک ناکات

K24 – هەولێر:
بەرەی تورکمانی بەهۆی ستەملێکردنیان لە حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواشیان بایکۆت کرد و سوورن لەسەر ئەوەی ڕێککەوتنی هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک نایاساییە.
تورکمانەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سوورتر دەبن لەسەر هەڵوێستەکانیان لەمەڕ حکوومەتی خۆجێی کەرکووک و ڕەتی دەکەنەوە بە هیچ شێوەیەک بەشداری ئەو حکوومەتە خۆجێیە بکەن کە لە 10ـی ئاب لە هۆتێل ڕەشید پێکهات، تەنانەت بەهۆی ستەملێکردنیان لە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بایکۆتی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواشیان کرد.
پێدەچێت تورکمانەکان دەستەوەستان بەرانبەر بێبەشکردنیان لە حکوومەتی خۆجێی کەرکووک دانەنیشین، نوێترین هەنگاویان کۆبوونەوەی کەسایەتی دیاری تورکمانەکانی عێراق، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ئەرشەد ساڵەحی لەگەڵ نوح یەڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو، کە بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە دۆخی کەرکووکیان تاوتوێ کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، قەحتان مەنداوی، سەرکردە لەبەرەی تورکمانی جارێکی دیکە سووربوونی بەرەکەی لە بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دووپاتکردەوە و گووتی؛ ئەوەی لە 10ـی ئاب ڕوویدا نایاسایی بوو، بەشداریی حکوومەتێکی خۆجێی ناکەن کە بەنایاسایی پێکهاتبێت. گووتیشی؛ چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەکەن.
هاوکات، چەند سەرچاوەیەک ئەوەی ئاشکرا کردووە؛ بەرەی تورکمانی بەهۆی ستەملێکردنیان لە کەرکووک، بەرەکە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواشی بایکۆت کردووە، بە تایبەتی کە بەم دواییانە بەرەی تورکمان بەشداریی لە دوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نەکردووە، بەو هۆیەشەوە ئەنجوومەنەکە ڕێژەی یاسایی بۆ دانیشتن تەواو نەکردووە.
هەڵوێستە یەک لەدوای یەکە توندەکانی بەرەی تورکمانی دەربارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک و بایکۆتکردنی پرۆسەکە لەکاتێکدان، زیاتر لە جارێک ڕێبوار تەها پارێزگاری نوێی کەرکووک داوای لەبەرەی تورکمانی کردووە بچنە پاڵیان و پۆستەکانیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک وەربگرن.
شەوی 10ـی ئابی 2024، یەکێتی بە هاوبەشی بەشێک لە عەرەبەکان لەبەغدا بەکۆکردنەوەی نۆ ئەندامی ئەنجوقمەنی پارێزگای کەرکووک حکوومەتی خۆجێی کەرکووکی یەکلایی کردەوە، بەرەی تورکمان کە بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکە 18 پۆستیان بۆ دانراوە، ڕەتیانکردەوە بەشداریی حکوومەتی نوێی خۆجێی کەرکووک بکەن.