ئاسایشی هەولێر: ئەوانەی ئاڵۆزییان لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو دروستکرد دەستگیرکران

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، چوار تۆمەتبار بە تۆمەتی پشێوینانەوە لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە گەڕەکی ڕووناکیی شاری هەولێر دەستگیر کران.
پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2024، ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: لەسەر گۆڕینەی دراو، تۆمەتباران کێشەیان لەگەڵ نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو درووستکردبوو و هەوڵیانداوە لە رێگەی چەکەوە هێرش بکەنە سەر نووسینگەکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، چوار تۆمەتبارمان دەستگیر کرد بەناوەکانی (ڕ ، ع ، ع)، (هـ ، م ، خ)، (هـ ، م ، خ) و (س ، م ، خ)، کە هەڵسابوون بە دروستکردنی کێشە لەگەڵ نووسینگەیەکی ئاڵۆگۆڕی دراو لەگەڕەکی ڕووناکیی شاری هەولێر.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە: لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کێشەکەیان لەسەر گۆڕینەوەی دراو هەبووە، بەو هۆیەوە کێشە لەنێوان ئەو تۆمەتبارانە و کارمەندانی نووسینگەکە دروستبووە و دواتر ئەو تۆمەتبارانە هەوڵیانداوە بە چەک هێرش بکەنە سەریان و بەر لەوەی هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووبدات، لە لایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کران.