هاووڵاتییەک دوای زیاتر لە 10 جار دزیکردن، خۆی ڕادەستی پۆلیسی هەولێر کرد

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی کەسێک چەندین تاوانی دزی ئەنجام دەدات و هەست دەکات پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت و شوێنەکەی ئاشکرا بووە، بۆیە خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تۆمەتبارێک بە ناوی (ق. س. س) دوای ئەنجامدانی چەندین کاری دزیکردن، هەست دەکات پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت و شوێنەکەی ئاشکرا بووە، بۆیە خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد..

پۆلیسی هەولێر دەڵێت: هاووڵاتییەکە تۆمەتبارە بە زیاتر لە 10 جار دزیکردن، هاوکات دانی نا بە تاوانەکەیدا، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادان، ڕادەستی دادگا کرا و ئێستە ڕاگیراوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە، کە ناهێڵن هیچ تاوانبارێک لە دەست یاسا دەربازی بێت و دەستگیری دەکەن.

هاووڵاتییەکە تەمەنی 48 ساڵانە و خەڵکی هەولێرە، تۆمەتبارەکە کە پارەی لە نێو ئۆتۆمبێل، قاسەی مارکێت و چەندین شوێنی دیکە دزیوە، دەڵێت "بۆیە خۆم ڕادەست کرد تاوەکوو تۆبە بکەم و مافی خەڵک بگەڕێنمەوە کە دزیم لێیان کردووە".

کارزان ساڵح، گوتەبێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی هەولێر، گوتی: چەندین سکاڵامان پێگەیشت لەسەر تاوانی دزیکردن و دەستبەجێ تیمەکانمان دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە و شوێنی تۆمەتبارمان دەست نیشان کرد، بەڵام تۆمەتبار کاتێ زانی شوێنی ئاشکرا بووە و پۆلیس بەدوای دەگەڕێت، خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد.

Fly Erbil Advertisment