ئیسرائیل، ئۆتۆمبیلێکی ڕێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهان بە ئامانج دەگرێت
جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئیسرائیل ئەمەریکای ئاگادار کردووەتەوە لە پێداچوونەوەی سەرەتایی بەو ئەنجامە گەیشتووە "بەهۆی هەڵەیەکی پەیوەندیی" لە نێوان یەکە سەربازییەکانی ئیسرائیل، تەقە لە ئۆتۆمبیلێکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی کراوە لە کەرتی غەززە.
ڕۆبێرت وود، جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە غەززە گوتی: داوامان لێکردن دەستبەجێ کێشەکانی ناو سیستەمەکەیان چاک بکەنەوە، ڕێوشوێنی پێویست بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سوپای ئیسرائیل جارێکی دیکە تەقە لە تاکەکان نەکات.
بەرنامەی خۆراکی جیهانی، ڕۆژی چوارشەممە، چالاکییەکانی لە سەرانسەری کەرتی غەززە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگرت و ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کارمەندانمان، لانیکەم 10 فیشەک لە ئۆتۆمبیلەکە دراوە کە بە ڕوونی لۆگۆی ڕێکخراوەکەی لەسەر بووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە خاڵێکی سەربازی ئیسرائیل نزیک بووەتەوە.
ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، کاروانێکی دوو زرێپۆش "چەند ڕەزامەندییەکیان لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل وەرگرتووە بۆ نزیکبوونەوە" لە خاڵێکی پشکنین لەسەر پردی وادی غەززە. دەستڕێژی تەقەیان لە ئۆتۆمبیلی ڕێکخراوی "بەرنامەی خۆراکی جیهانی" کردووە و فیشەکەکان بەر یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە، بەڵام هیچ کەسێک زیانی پێنەگەیشتووە.
لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی وێرانکاری بۆ سەر کەرتی غەززە دەست پێ کرد و بەگوێرە ئامارە فەرمییەکانی کەرتی تەندروستی فەڵەستین تاوەکوو ئێستا لە کەرتی غەززە زیاتر لە 40 ههزار كهس کوژراون زیاتر له 93 ههزار كهسی دیکەش برینداربوون کە 70%ـی قوربانییهكان منداڵان و ئافرهتانن.