ئەمەریکا داوای هەمواری یاسای تایبەت بە بێسەروشوێن بووانی عێراق دەکات

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئەمڕۆ هەینی 30ی ئابی 2024، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقی کردووە و داوای هەموارکردنەوەی یاسای تایبەت بە ڕفێندراوان و قورنیانی بێسەروشوێنکراو دەکات.
پەیامەکەی باڵیۆزی ئەمەریکا هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی ڕۆژی جیهانیی قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، هەر بەم بۆنەوەیە ڕایگەیاندووە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ڕێز لە قوربانیانی ئەو تاوانە قێزەونانە دەگرێت.
ڕۆمانۆوسکی داوای کردووە یاساکە هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی بە شکۆمەندی و پارێزراوی لە نێو کۆمەڵگەکانیاندا بژین بێ ئەوەی ترسی ڕفاندنیان هەبێت.
هەر لەم یادەدا، کلاودیۆ کۆردۆنی جێگری نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و هاوکاریی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، لە هەماهەنگیدان بۆ چارەکردنی پرسی بێسەوشوێن بووان لە عێراق، بۆ ئەمەش داوای هەماهەنگیی لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان 30ی ئابی هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جیهانیی قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دەستگیرکردن، دەستبەسەرکردن و ڕفاندن یان هەر جۆرە بێبەشکردنێک لە ئازادی دیاری کردووە، جا کردارەکان لەلایەن وڵاتانەوە بێت یان هەر کەس و گرووپێکی بێت.