پارتی بۆ یەکێتی: 31ـی ئاب (دفع الافسد بالفاسد) بوو
K24 – هەولێر:
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی ڕاگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەداتەوە و دەڵێت: 31ـی ئاب (دفع الافسد بالفاسد) بوو.
هەینی 30ـی ئابی 2024 مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی 31ـی ئاب بە چەند وشەیەک وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دایەوە.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت: چەند ھاوار بکەن، قسە بکەن و ڕاگەیەندراو بڵاو بکەنەوە و ھەرچییەک بکەن حەقیقەتی 31ـی ئابی 1996 (دفع الافسد بالفاسد) بوو.
دوای 31ـی ئاب، باشتربوونی رەوشی ژیانی خەڵك و ئاسایشی هەولێر و دەورووبەری و ناوچەكانی دیكەی سنووری دەسەڵاتی پارتی، نەك ڕەوایەتی بەو بڕیارەی پارتی بەخشی، بەڵكو وایكرد جەماوەری پارتی و زۆر خەڵكی دیكەش، بە شانازی و دەستكەوتی بزانن، چونكە قۆناغێكی جیاوازی لەگەڵ خۆی هێنا.
هاوکات 31ـی ئاب هەولێری لە نائارامی و نادڵنیایی لە ژیان و داهاتوویان، گواستەوە قۆناغی ئارامی و گەشە و دڵنیابوون لەسەر و ماڵی خۆیان.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە یەكێتی بەهۆی دەسپێشخەربوونی لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و لێكدانەوەی نالۆژیكی بۆ دۆخی سیاسی ئەوكات و خواستی لەمێژینەی بۆ تاکڕەوی و بەدەرنانی پارتی و هێزەکانی دیکە لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، تووشی ئەو هەڵە مێژووییە هات، هەروەك ئەو هەڵەیەی بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی، لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 لە كەركووك كرديان، ئاكامەكەی گەلی كوردستان زەرەرمەندێکی گەورە بوو. بەشێکی زۆری خاکی هەرێمی کوردستانیش کەوتەوە بندەستی میلیشیاکانی عێراق.