سبەینێ نوێنەرانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن
K24 – هەولێر:
یەکێک لە نوێنەرانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەینێ سەردانی بەغدا دەکەن بۆ مەبەستی بەدواداچوون بۆ چەکی پارەی گەنمی جووتیاران، هاوکات ترسیان لەوە هەیە بەغدا هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو پارەی جووتیارانی هەرێم دوا بخات.
سبەینێ بڕیارە نزیکەی 100 کەس بە نوێنەرایەتیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن و لەبارەی ناردنی پارەی گەنمی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێم چاویان بە بەرپەسانی باڵای عێراق بکەوێت.
میران حاجی، یەکێکە لەو نوێنەرانەی کە بڕیارە سبەی بچێتە بەغدا بە کوردستان24ـی گوت: "ترسمان هەیە بەغدا هاوشێوەی ساڵانی 2013 و 2014 پارەی جووتیارانی هەرێم دوا بخات.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستە بەغدا 500 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ماوە و نەیناردووە. هاوکات دەڵێت: بەشێک لە پەرلەمانتارە کوردەکان هاوکارمانن و تا دڵنیایی لە بەغدا وەرنەگرین ناگەڕێیینەوە.
پیشتریش ڕابەر عەبدوڵڵا، نوێنەری جووتیارانی کۆیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، نەناردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کورستان لەلایەن عێراقەوە ناحەقییەکی گەورەیە چونکە بڕیاربوو دوای هەفتەیەک لە ڕادەستکردنی گەنم، وەزارەتی بازرگانیی عێراق پارە بنێرێت.
هاوکات گوتبووشی: "بڕیارمانداوە لەگەڵ نوێنەرانی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کورستان ئەگەر عێراق پارەی گەنمی جووتیاران نەنێرێت دەچینە بەغدا و لەبەردەم وەزارەتی بازرگانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی ڕێک دەخەین، داواشی لە نوێنەرانی کورد لەبەغدا کرد لەسەر ئەو ناحەقییەی دەرهەق بە جووتیارانی کورد دەکرێت هەڵوێستیان هەبێت."