ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هەرێمی کوردستان زۆرترین قوربانی بێسەروشوێن بووان لەخۆ دەگرێت
لە ڕۆژی جیهانی بێسەروشوێن بوواندا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایدەگەیەنێت" هەرێمی کوردستان زۆرترین قوربانی بێسەروشوێنبوون لەخۆدگرێت " و داواش لە حكوومهتى فیدڕاڵی دەکات بۆ هێنانەدیى دادوهرى، ئهركى خۆى جێبهجێ بكات و کەسوکاری قوربانييان له ههموو ڕوويهكهوه قهرهبوو بكاتهوه.
لە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هاتووە "هەرێمی کوردستان زۆرترین قوربانی بێسەروشوێنبوون لەخۆدگرێت لە تاوانەکانی ئەنفال کردنی گەلی کوردستان کە زیاتر لە 182 هەزار کەس لە گەرمیان و بادینان و هەشت هەزار بارزانی و چەندین ناوچەی دیکە تا دەگاتە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش بەتایبەتی دژی کوردانی ئێزدی و بێسەروشوێن کردنی هەزاران کەس کە تاوەکوو ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکیان نادیارە".
هەروا ئاماژەیداوە، بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگیدایە لیژنەی نیشتمانی عێراقی بۆ بێسەروشوێنبووان و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنبوون لە جنێڤ بۆ بەدواداچوونی کەیسی ئەوکەسانەی لە سەردەمی ڕژێمی سەدام و ئەوانەی لە دوای ساڵی 2014 چارەنووسیان دیار نییە و بێسەروشوێن بوون.
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاشیگەیاندووە، پرسی به جینۆساید ناساندنی كهیسهكانی گهلی كوردستان كاری لهسهری كراوه، زۆربهی دۆسییهكان له دادگا یهكلا كراونهتهوه، لهوانە دۆسییهكانی ئهنفال و كیمیاباران و فهیلییهكان، دادگای باڵای بە جینۆسایدی ناساندووە، بەڵام تا ئێستا کەسوکاری قوربانیان قەرەبوو نەکراونەتەوە. بەم بۆنەوە داواكارين لە حكوومهتى فیدڕاڵی بۆ هێنانەدیى دادوهرى، ئهركى خۆى جێبهجێ بكات و کەسوکاری قوربانييان له ههموو ڕوويهكهوه قهرهبوو بكاتهوه.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ بە یاسایی کردنی کەیسی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە هەرێمی کوردستان چەندین یاسا و ڕێنمایی دەرچووە، لەوانە: یاسای ونبووەکان لە هەڵمەتەکانی لەناوبردنی بە کۆمەڵی گەلی کوردستان ژمارە 3ی ساڵی 1999، یاسای وەزارەتی شەهیدان و ئەنفال ژمارە 8ی ساڵی 2006، یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدانی ئەنفال ژمارە 9ی ساڵی 2007 و یاسای سندوقی پاڵپشتی و هاوکاری کەسوکاری شەهیدانی ئەنفال و قوربانیانی نەخۆشییەکانی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان ژمارە 37ی ساڵی 2007، یاسای ئیمتیازاتی تاقانەی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان ژمارە 9ی ساڵی 2015.
هەروا ئاماژەیداوە، کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە خزمەتکرنی کەسوکاری قوربانیان داوە وەک خەرجکردنی زیاتر لە 19 ملیار و 500 هەزار دینار کرێی خوێندنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و هەوڵدان بۆ دابینکردنی کورسی خوێندن بۆیان، دەرکردنی فەرمانی پێدانی 11 هەزار 141 پارچە زەوی بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیکراو و گیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
هەر لە بڕیارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری تاپۆکردنی 200 شوقە و 375 خانووی سەروەران و 5500 پارچە زەوی، بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەرچوو کە لە ساڵی 2011 پێیان درا بوو. لەگەڵ ئەمەشدا یاسای ژمارە 9ى ساڵی 2015، تایبەت بە تاقانەی جینۆساید و ناساندنی 361 کەس وەک تاقانەی جینۆساید خرایە کار.