مۆسکۆ زمانی هۆشداری بۆ هەڕەشە و هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دەگۆڕێت

پێچەوانە بوونەوەی بەرەی شەڕ لە ئۆکرانیاوە بۆ ناو ڕووسیا و پارێزگای کۆرسک، جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیای بردووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، کاربەدەست و پسپۆران لە مۆسکۆ دەڵێن، بارودۆخەکە هیچ کاتێک هێندەی ئێستا ترسناک نەبووە و دوور نییە جەنگێکی دیکەی جیهانی هەڵگیرسێت.
لەگەڵ بەردەوامی ئۆپراسیۆنی تایبەتی سەربازی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و هێرشی پێچەوانەی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕووسیا، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، شاندێکی ئۆکرانیا بە پرۆژەیەکی ستراتیجی جەنگی بگەنە واشنتن، ئەمەش وایکردووە هەڕەشەکانی مۆسکۆ بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا تەنیا لە بەرگی تۆمەتبار کردن بە دابینکردنی هاوکاری سەربازی بۆ کیێڤ و خۆشکردنی ئاگری شەڕەکە نەمێنیەوە و ئەمجارە گەفی لەناو بردنی نەیارەکانی بکات.
ئادەڵبی شخاگۆڤیشێڤە، ئەندامی کۆمیتەی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە پەرلەمانی ڕووسیا بۆ کوردستان24 گوتی "ئەم پەلامارە کاتییە و بێگومان وەدەریان دەنێین، دوای ئەمەش هەر لەم ئاراستەیەوە وەکو بەرەکانی دیکەی شەڕ هێرش و پێشڕەوی دەکەین، ئەمە هەنگاوێکی دەزگا سیخوڕییەکانی ڕۆژئاوایە بە چەکداری ئۆکرانی و پۆڵۆنی کراوە، ئێمە زۆر باش ئاگاداری ڕەوشەکەین و لە ژێر چاودێریدایە، ژمارەی کوشتار و زیانەکانیان بە هەزارانە".
شخاگۆڤیشێڤە گوتیشی "زۆرینەی کەرەستە سەربازییەکانیان تێکدەشکێن ڕۆژانە، ئەوان پێشبینییان نەدەکرد ئێمە بەسەر ئەو هەموو هێزە چەکدارە بەکرێ گیراوەدا سەردەکەوین، بەڵام لەم جەنگەدا تەنیا نین، ئابووری وڵاتەکەمان لەسەر ڕێڕەوی خۆیەتی بۆ هەماهەنگی هاوبەشمان هەیە، خەونی ئەوان لاوازکردنی ڕووسیایە، بەمانای درێژە دان بە دنیای تاک جەمسەری ئەمەریکا، بەڵام ڕووسیا دنیای تاک جەمسەری هەڵوەشاندەوە، بۆیە ئەمەریکا بێباکانە تەماشا ناکات، بەڵام سەرکەوتن هەر بۆ ئێمەیە".
هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر کورسک و بەردەوامی هاوکارییەکانی رۆژئاوا بۆ کیێڤ، جەنگەکەی بردووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، کاربەدەست و پسپۆرانی سیاسی و سەربازی لە مۆسکۆ نیگەرانن و بڕوایانوایە هیچ کاتێک باردۆخەکە هێندەی ئێستا ترسناک نەبووە.
دکتۆر ئیقبال دیورە، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێ "پاش پەلاماردانی کورسک، قەیرانی ئۆکرانیا ڕەهەندێکی ترسناکتری وەرگرتووە، چونکە دوای ئەم هێرشە ڕووسیا چەکی قورسی بەکارهێنا لە نموونەی کینژاڵ، ئەمە هەنگاوێکی ڕژدە بۆ سوپای ڕووسیا، دیارە ئۆکرانیاش کاردانەوەی هەیە، لەم نزیکانە شاندێکی ئۆکرانیا سەردانی ئەمەریکا دەکات، ئامانجیان ئەوەیە کە مۆڵەتی بەکارهێنانی چەکی قورس و دوورمەودا وەربگرن، تا ئێستا چەکەکانیان دووری 100 کم دەبڕێت، خۆ ئەگەر ڕەزامەندی چەکی قورس و دورمەودا وەربگرن، شەڕەکە فۆرمێکی بەرفراوانتر و قورستر وەردەگرێت، ئەمەش ئەشێت ببێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی جیهان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆناڵد ترەمپ، باسی لە جەنگی سێهەمی جیهانی کرد، سرگێی لاڤرۆڤیش ئەو بابەتەی باسکرد، من نامەوێت بڵێم کە دواجار بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێین، بەڵام هەنووکە مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی لەو چەشنە لە هەموو کات زیاترە".
جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دوو ساڵ و پێنج مانگی تێپەراندووە، بە گوتەی کاربەدەستانی باڵای ڕووسیا، هێرشەکەی کیێڤ بۆ سەر پارێزگای کورسک، هەموو ئەو هەوڵ و هەنگاوانەی کە بۆ ئاگربەست و ئاشتی هەبوون، کۆتایی پێهێناوە.
ئێستا بە پەڕینەوەی سەباز و شەڕکەرانی ئۆکرانیا بۆ خاکی ڕووسیا دژواری ڕەوش و ترسناکی جەنگەکە گەیشتووەتە ئاستێک، ڕووسیا زمانی هۆشداری و ئیدانەکردنەکانی بەرانبەر بە هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا بۆ هەڕەشەی لەناوبردن بگۆڕێت، ئەمەش ڕێگەکە بەرەو جەنگێکی تەواو جیهانی پەلکێش بکات.