زێلێنسکی دوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئێف-16، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی دەرکرد

ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، 'میکۆلا ئولیشچوک'ـی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دوور خستەوە.
دوور خستنەوەی ئەو فەرماندەیەی هێزی ئاسمانی، ڕۆژێک دوای ئەوە دێت، کە سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی جەنگی F-16 کەوتووەتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی کوژراوە.
زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە وتارێکیدا گوتی: بڕیارم داوە فەرماندەیەکی نوێ بۆ هێزی ئاسمانی دەستنیشان بکەم. من بۆ هەمیشە سوپاسگوزارم بۆ هەموو فڕۆکەوانە سەربازییەکانمان.
ئەو، هۆکاری دەرکردنەکەی ڕوون نەکردەوە، بەڵام ئاماژەی بە پێویستی پاراستنی تاکەکان و پێویستی پشتگیریی سەرکردایەتی کرد.
سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، جەنەراڵ ئاناتۆلی کریڤۆنۆسکا، بە شێوەیەکی کاتی ئەرکەکانی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە ئەستۆ دەگرێت.
سوپای ئۆکرانیا هۆکاری کەوتنە خوارەوەی ڕووداوەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەڵێت: کاتێک لە ئامانجێکی ڕووسیا نزیک بووەتەوە، کەوتووەتە خوارەوە. ئۆلیشچوکیش گوتیەتی: هاوبەشەکانی ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن.
گەیشتنی یەکەم فڕۆکەی F-16 خاڵێکی گرنگ بوو بۆ ئۆکرانیا لە شەڕی دژی هێرشەکانی ڕووسیا کە دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر دەستی پێ کرد.
پێشتر بەرپرسێکی بەرگریی ئەمەریکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، پێناچێت تێکشکانی فڕۆکە F-16ـەکە بەهۆی تەقەی ڕووسیاوە بوو بێت.