نوێنەری جووتیاران: عێراق پاساو بۆ نەدانی پارەی گەنمی جووتیاران دەهێنێتەوە

عێراق لە هەوڵی لە گۆڕنانی بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە

کاسترۆ مەعروف، سەرۆکی پێشووی لێژنەی کشتوکاڵ و نوێنەری جووتیاران کوردستان
کاسترۆ مەعروف، سەرۆکی پێشووی لێژنەی کشتوکاڵ و نوێنەری جووتیاران کوردستان

نزیکەی سێ مانگ بەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیاران تێپەڕیوە بڕیاریش وابوو دوای هەفتەیەک تەواوی پارەی جووتیاران هەرێم بدرێت، بەڵام عێراق پارەی پارێزگاکانی عێراقی داوە، تەنیا هەرێمی کوردستانی لێ بێبەش کردووە.

ئەمڕۆ شەممە، 31ـی ئابی 2024، کاسترۆ مەعروف، سەرۆکی پێشووی لێژنەی کشتوکاڵ و نوێنەری جووتیارانی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2013وە حکوومەتی عێراق پاساوی بێبنەما وەزارەتی بازرگانی عێراق جووتیارانی کورد ئازار دەدات و مافەکانیان پێ نادات.

ئەو نوێنەرە دەڵێ: خۆیان سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە دەکەن، لەگەڵ ئەوەش دا پاساوی ئەوە دەهێننەوە کە بڕێکی زیاتر گەنم وەرگیراوە لەبەرامبەر ئەو بڕەی کە دیاری کرابوو، بەڵام جووتیارانی کورد بڕە گەنمەکەی خۆشی لێ وەرنەگیراوە. بگرە بۆ دۆنمێک 178 کیلۆ گەنم لە جووتیاری کورد وەردەگیرێت، بەڵام بۆ جووتیارانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان، کۆی گەنمەکە لە جووتیاران وەردەگرێت، سەرباری ئەوەش ئامادە نییە پارەی گەنمی جووتیارانی ئێمە بدات.

دەشڵێت: ئەو سیاسەتەی پەیڕەو دەکرێت لە عێراقدا لە گۆڕنانی بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە، پێویستە لە کۆی هێز و لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکان سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆککۆمار کۆی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، داوای ماف و بەرگریی جووتیارانمان بکەن، چونکە ئەم هەڵسوکەوتەی عێراق ئەوە دەگەیەنێت کە نادادپەروەری هەیە.

کاسترۆ مەعروف، ڕاشیگەیاند، بڕیارە جووتیارانی ئێمە سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ چەند ئەندامێکی نوێنەرانیش لە پەیوەندیدان بۆ ئەو بابەتە. دەمانەوێت سەردانی سەرۆککۆمار و وەزارەتی بازرگانی و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بۆمان بکرێت، لە ئاستی سەرۆکوەزیرانیشدا بۆ ئەوەی بتوانن سەردانی بکەین، تاکوو دەستبەجێ پارەی گەنمی جووتیاران بدرێت.

لای خۆیەوە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، پارەی گەنمی جووتیاران بە کۆی گشتی 77 ملیار و 500 ملیۆن دینار هاتووە، بەڵام تاکوو ئێستە، 483 ملیار دیناری گەنمی جووتیاران لای حکوومەتی عێراقی ماوە، ئێمە لای خۆمانە هەوڵی ئەوەمان داوە و بەردەوامیشین بۆ ئەوەی لەم نزیکانە ئەوەی ماوە بگاتە دەستی جووتیاران.  

وەزارەتی بازرگانی عێراق کەمتر لە 15 لەسەدی پارەکەی داوە بە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 500 ملیار دینار لەسەر وەزارەتی بازرگانی عێراق ماوە.

ڕۆژی 6ـی حوزه‌یرانی 2024، سەروەر هاواری، بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانیی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی بۆ ئه‌م ساڵ (2024) ڕاگه‌یاند.

بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانیی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بۆ ئەمساڵ بڕی (700) هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت و پرۆسەکەش بۆ ماوەى (45) ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

‎سەبارەت بە نرخی گەنمیش، ڕوونی كرده‌وه‌، تۆنێک گەنم بە (850) هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت و جووتیار ده‌ستبه‌جێ چەكی شایستە داراییەكەی پێ دەدرێت و مافی خۆی وەردەگرێت.

ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو، لە سنووری پارێزگاى هەولێر بڕى (228) هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت، لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجەیش بڕى (282) هەزار تۆن و لە سنووری پارێزگای دهۆكیش (189) هەزار تۆن وەردەگیرێت.

یازده‌ سایلۆ لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و لە پارێزگای هەڵەبجەیش بەردی بناغەی سایلۆیه‌ك دانراوە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا سایلۆیەک لە زاخۆیش دروست دەکرێت، سایلۆ و پەنكەر و گۆڕەپانە حكوومییه‌كان توانای كۆگاكردنی یه‌ك ملیۆن تۆن گەنمیان هەیە. هاوكات (39) ئاش لە هەرێمی كوردستان هه‌ن،  15 له‌ هەولێر، 13 له‌ دهۆك ، 11 له‌ سلێمانین و ئارد بۆ پسوولەی خۆراکی مانگانه‌ ئامادە دەكەن.

‎بۆ زانیاری زیاتر ساڵانی ڕابردوو بەم شێوەیە گەنم لە هەرێمی كوردستان وەرگیراوە ساڵی 2020  بڕی 390 هەزار تۆن، ساڵی 2021 بڕی 375 هەزار تۆن، ساڵی 2022  بڕی 125 هەزار تۆن، ساڵی 2023 بڕی 500 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.