ئەحمەد هۆشیار: ژمارەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر زیادیان کردووە

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاشکرای دەکات، ژمارەی گەشتییاران ئەمساڵ بەراورد بە ژمارەی گەشتیارانی پار زیادیان کردووە، ڕاشیگەیاند: 20 هێلی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کار دەکەن.

شەممە 31ـی ئابی 2024، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:  دوای ئازادی عێراق لە ساڵی 2004 پێنج فڕۆکەخانەکانی عێراق کرانەوە، کە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و بەسرە و نەجەف و هەولێر و سلێمانی بوون، دەڵێت:  لە سۆنگەی هەستکردن بە پێویستییەکانی خەڵکی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک بارزانی بڕیاڕی ئەوەیاندا  فڕۆکەخانەیەکی نوێ لە هەولێر دروست بکرێت، زۆربەی کۆمپانیاکان ئامادەبوون پرۆژەکە بکەن، لەوانەش کۆمپانیایەکی تورکیا کە لە 2011 فڕۆکەخانەکەی دروستکرد.

ئەحمەد هۆشیار گوتی: لە کۆتایی ساڵی 2023، نزیکەی دوو ملیۆن و 84 گەشتیار    لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەشتییان کرد، جگەلەو منداڵانەی کە کەمتر لە ساڵێک بوون و ئەژمار نەکران، گوتیشی: هەشت مانگی ئەمساڵ تا ئەمڕۆ، زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار گەشتیار  لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر گەشتییان کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە، هەزار و 764 فڕۆکە لەو هەشت مانگەدا هاتوچۆیان لەو فڕۆکەخانەیە کردووە.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاد بکات بۆ  دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس، بە بەراورد بە ساڵی پار سەدا 7.6 ژمارەی گەشتیاران زیادیی کردووە.

لەبارەی ترانزێتیش، ئەحمەد هۆشیار ئاشکرای کرد کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر شوێنی ترانزێتی ئامادەیە، لەگەڵ ئەوەش ڕایگەیاند: بە فەرمی 20 هیڵی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کاردەکەن.

گوتیشی: فڕۆکەخانە کاری بازرگانیش دەکات نەوەک تەنها گەشتیاریی، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئەو فڕۆکەخانەیە بۆ کار و جووڵەی بازرگانیی بەکاردێنن، لەهەر کێشەیەک 35 وڵات لە جیهان دەزانێت فڕۆکەخانەکە کێشەی هەیە.

ئاشکراشیکرد: هیچ گەشتیارێک لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە پاسپۆرتی ساختە گەشتی نەکردووە.

یەکێک لەسیما دیارەکانی هەولێر فڕۆکەخانەیەکەتی، کە یەکێکە لە باشترین و پێشکەوتووترین فڕۆکەخانەکانی عێراق. فڕۆکەخانەی نوێی هەولێر لەساڵی 2011 بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو کرایەوە.

فڕۆکەخانەکە گەشتی ڕاستەوخۆی بۆ 17 وڵات و نزیکەی 35 شاری گەورەی جیهان هەیە. ساڵانە توانای بەڕێککردن و خزمەتکردنی چوار ملیۆن و 500 هەزار گەشتیاری هەیە.