محەممەد حاجی قادر: 31ـی ئاب پیلانگێڕییەکانی یەکێتی پووچەڵ کردەوە
K24 – هەولێر:
ڕۆژنامەنووسێک، ئاماژە بەوە دەکات، لە 31ـی ئاب بەرپرسانی پارتی جەختیان لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەولێر دەکردەوە. هەروەها چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی هەولێر ئازاد بکرێت بەرپرسە سەربازییەکانی یەکێتی پارەی هەموو بانکەکانی ئەو شارەیان برد.
محەممەد حاجی قادر، ڕۆژنامەنووس بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، 31ـی ئاب کاردانەوە بوو دژی هێانی سوپای پاسداران، ئەو ڕۆژەی کە یەکێتی دەستی سوپاسی پاسدارانی گرت و بە درێژایی 150 کیلۆمەتر هێنایە خاکی هەرێمی کوردستان.
ئەو ڕۆژنامەنووسە، دەڵێت: لە دوای هەشت ساڵەی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا، یەکەمین جار بوو کە لەسەر دەستی هێزێکی ناوخۆیی سوپایەکی بێگانە بهێندرێتە خاکی هەرێمی کوردستان، 31ـی ئاب لەپێناو پووچەڵکردنەوەی پیلاگێڕییەکی گەورەی یەکێتی بوو.
ناوبراو ڕوونی کردەوە، لە 26ـی تەمموزی ساڵی 1996 لەشکرێکی گەورەی سوپای پاسداران و قەرارگەی هەمەزە و ڕەمەزان لە ڕێگەی باشماخەوە بە دەیان چەکی قورس هاتنە سنوورەکانی سلێمانی و گەیشتنە سەربازگەکانی یەکێتی، لە هەمان ڕۆژێش ئێران لە رێگەی حاجی ئۆمەرانەوە کاروانێکی سەربازانی خۆی هێنایە هەرێمی کوردستان، هەدروو هێز یەکیان گرت و خۆیان گەیاندە هەیبەت سوڵتان، لە بەرەبەیانی ڕۆژی 27ـی مانگ کاتژمێر 4 دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی ئێران.
هاوکات زیاتر گوتی: لە 16ـی ئابی ساڵی 1996 ئەو کاتەی کە پارتی خەریکی ئاهەنگێران بوو بە بۆنەی یادی دامەزراندنیەوە، سەرۆک بارزانی دەستپێشخەرییەکی ئاشتەوایی ڕاگەیاند و جەختی لەوەکردەوە کە ئامادەن بۆ هەر هەنگاوێکی پێویست بۆ ئەوەی ئاشتی لە کوردستان بەرقەرار بێت، پارتی چاوەڕێ بوو یەکێتی بەدەم بانگەوازەکەوە بێت، بەڵام لە هەمان ئەو شەوە یەکێتی پشتیوان بە ئێران و پەکەکە هێرشیان بۆ سەر حاجی ئۆمەران، چۆمان، دەرگەڵە و قەسرێ دەستی پێکرد، ئەو ناوچانەیان داگیر کرد و زیاتر لە 140 پێشمەرگەی پارتیان شەهید کرد و زیاتر لە 100 پێشمەرگەش برینداربوون.
محەممەد حاجی قادر، گوتیشی: لە 31ـی ئاب بەرپرسانی پارتی جەختیان لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەولێر دەکردەوە، هەروەها چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی هەولێر ئازاد بکرێت بەرپرسە سەربازییەکانی یەکێتی پارەی هەموو بانکەکانی ئەو شارەیان برد.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژێک پێش 31ـی ئاب یەکێتی هەستا بە ئازادکردنی سەرجەم ئەو زیندانیکراوانەی کە لەسەر دزی و پیاوکوژی دەستگیر کرابوون، بەشێکیشیانی چەکدار کرد.