وەزیری دەرەوەی ئوردن: ئیسرائیل بۆ دەستدرێژیی سەر کەناری ڕۆژئاوا بانگەشەی درۆ دەکات

بەرەبانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، ڕایگەیاند، بە تەنها ئیسرائیل بەرپرسیارە لە پەرەسەندنی مەترسی لە ناوچەکەدا.

ئەیمەن سەفادی، لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی "X" نووسیویەتی؛ ئایدۆلۆجیایەک کە سەرکردایەتیی حکوومەتی ئیسرائیل دەکات، تەنها ئیسرائیل بەرپرسیارە لە پەرەسەندنی مەترسی شەڕ لە ناوچەکەدا. هەروەها ئیسرائیل بانگەشەی درۆ دەکات بۆ دەستپێکردنی دەستدرێژیی سەر کەناری ڕۆژئاوا.

لە درێژەی گوتەکانیشیدا دەڵێ: ئێمە ئەم دەستدرێژییە شەرمەزار دەکەین، هەروەها ئەو تۆمەتە درۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە لەلایەن وەزیرە ڕەگەزپەرستەکانی ئیسرائیلەوە دەگوترێ بۆ پاساو هێنانەوە. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەستبەجێ هەنگاو بنێن بۆ سنووردارکردنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل، پاراستنی گەلی فەڵەستین لە داگیرکاری و کوشتار و ناوچەکە لە کارەسات ڕزگار بکەن.

سەفادی لە تویتێکی دیکەدا دەڵێت: هەموو ئەو شتانەی ئیسرائیل بانگەشەی بۆ دەکات سەبارەت بە هۆکانی دەستپێکردنی دەستدرێژیی خۆی بۆ سەر کەناری ڕۆژئاوا درۆیە، کە وەزیرە ڕەگەزپەرستە توندڕەوەکانی بانگەشەی بۆ دەکەن، مەترسی دروست دەکەن بۆ ئەوەی پاساو بۆ کوشتنی فەڵەستینییەکان و لەناوبردنی فەڵەستینییەکانیان بهێننەوە.

گوتیشی: داگیرکاری ئیسرائیل بۆ سەر خاکی فەڵەستین، تاوانەکانی ئیسرائیل لە دژی گەلی فەڵەستین و پەرەسەندنی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی، ئێمە لەگەڵ براکانمان هەماهەنگی دەکەین بۆ ئەوەی هەموو هەنگاوێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژیی ئیسرائیل و بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئیسرائیل لە دژی گەلی فەلەستین و هەڕەشەکانی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە بکەین، هەروەها ئێمە بە هەموو تواناکانمانەوە ڕووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبینەوە بۆ ئاوارەبوونی گەلی فەلەستین لەناو خاکە داگیرکراوەکەیدا یان لە دەرەوەی ئەو وڵاتە.

ئێوارەی شەممە، وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل بەردەوامن لە وێرانکردنی ژێرخانی شارەکە، لە کاتێکدا زۆربەی خێزانەکانی شارەکە خۆراکیان نییە.

بەپێی ئەوەی مێدیا عیبریەکان بڵاویان کردووەتەوە، ئێوارەی دووشەممەی ڕابردوو، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە کەرتی ڕۆژئاوا ڕاگەیاند کە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت.

لە کاتێکدا سەرۆکایەتیی فەڵەستین ڕایگەیاندووە، دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر کەناری ڕۆژئاوا وەک درێژەپێدەری شەڕی هەمەلایەنە لە دژی گەلەکەمان و خاکەکەمان و پیرۆزییەکانمان دێت و پەرەسەندنێکی مەترسیدارە کە تەلئەڤیڤ و واشنتۆن بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ دەگرن.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.