لە نەجەف گرووپە میلیشیاکان چەندین پارچە زەویی حکوومەتیان داگیر کردووە

دیمەنی بەشێک لە زەوییە داگیرکراوەکانی نەجەف
دیمەنی بەشێک لە زەوییە داگیرکراوەکانی نەجەف

هادی سەلامی، نوێنەری نەجەف لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردووە، گرووپە میلیشیاکان لە شاری نەجەف بە زەبری هێز و چەک چەندین پارچە زەوییان داگیر کردووە کە خاوەندارێتییەکەی بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە.

سەلامی، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ گرووپ و ڕێکخراوەیەکی چەکداری بدرکێنێت، گوتوویەتی: میلیشیاکان بوونەتە چەتە و دەستیان بەسەر چەندین پارچە زەوی حکوومەتدا گرتووە، بە تایبەتی لە دەشتاییەکانی دەوروبەری نەجەف، بە چەکی قورس و مامناوەندوە هەڵیانکوتاوەتە سەر زەوییەکان و دایان بڕیون.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ: ئەو پارچە زەویانەی میلیشیاکان دایان بڕیون، بەشێکیان بە خەڵکی فرۆشتووەتەوە کە بەشێک لەوانەی زەوییەکانیان پێ فرۆشراوە خەڵکی شارەکە نین و لە ناوچەکانی دیکەوە هاتوون، بەشێکیش لە زەوییەکان پەرژین کراون و گرد و تەپۆڵکەیان لە سەر دروست کراوە و حکوومەتیش لە ئاستی ئەو داگیرکاری و زێدەڕەوییە بێدەنگە.

هەروەها ئاماژەی داوە، لەسەر ئەو زێدەڕەویی و دابڕاندن و داگیرکارییە دەکرێتە سەر زەوی و موڵکی گشتیی لە نەجەف، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران، وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، وەزیری کشتوکاڵی ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام باسی نەکردووە کە سەرۆکوەزیران و وەزارەتەکانی دیکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان چ هەنگاوێکیان گرتووەتە بەر بۆ ڕێگری و کۆتایی هێنان بەو دیاردەیە.

داگیرکردنی موڵک و زەویی لەم چەند ساڵەی دوایی لە عێراق لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە زیاتر پەرەی سەندووە، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی حوڕەی ئەمەریکی، گرووپە میلیشیاکان بە زەبری چەک لە ناوچەی جادرییەی بەغدا چەندین پارچە زەوی و باخدا گرتووە کە موڵکی هاووڵاتییانە، هەروەها بە بەرتیل تاپۆکانیان ساختە کردووە و مامەڵەی فرۆشتنەوەیان بۆ کردوون.