هاووڵاتییەکی خەڵکی کەلەکچی لە ئیستانبوڵ بە چەقۆ کوژرا

هاووڵاتییەکی دانیشتووی ناحیەی کەلەکچی لە دهۆک، لە بەردەم هۆتێلێکی ئیستانبوڵ بە چەقۆ کوژرا؛ برا و ئامۆزایەکیشی بە برینداری دەستگیر کراون.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-09-2024، سێ هاووڵاتیی دانیشتووی ناحیەی کەلەکچی لە سنووری پارێزگای دهۆک؛ لەگەڵ چەند کەسێک لە بەردەم هۆتێلی زووریچی ئیستانبوڵ بەشەڕ هاتن و بەهۆیەوە یەکێکیان بە چەقۆ کوژرا.
ئەو هاووڵاتییەی کەلەکچی کە لە شەڕەکەدا کوژراوە، ناوی "حەکیم لوقمان"ـە، کاری بازرگانیی ئۆتۆمبێل دەکات، تەمەنی نزیکەی 45 ساڵ دەبێت و باوکی سێ منداڵە.
هەر لە شەڕەکەدا، برا و ئامۆزایەکی حەکیم بە چەقۆ بریندار کراون و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون؛ بەڵام بکوژی حەکیم و ئەوانەی لەگەڵی بوون، هەڵاتوون و تاوەکو ئێستە دەستگیرنەکراون.
کەسوکاری حەکیم لوقمان، بە کوردستان24ـیان ڕاگەیاند، "حەکیم، براکەی و ئامۆزاکەیان ماوەی چەند ڕۆژێکە بە مەبەستی گەشت لە ئیستانبوڵن. درەنگانی شەوی ڕابردوو لە خواردنگەیەک بوون؛ تەلەفۆنێکی بۆ هاتووە و بە کوردی قسەی کردووە، چەند هاووڵاتییەکی تورکیش کە لەوێ بوون، پێیان ناخۆش بووە، دەمەقاڵێ لەنێوانیان دروست بووە و دواتر بووەتە شەڕیان".
بە گوتەی کەسوکارەکەی، "حەکیم تەنها لەبەر ئەوەی بە زمانی کوردی قسەی کردووە، هێرشی کراوەتە سەری و بە چەقۆ کوژراوە".
ژمارەیەک کەس لە بنەماڵەی حەکیم لوقمان بەرەو تورکیا بەڕێکەوتوون بە مەبەستی گەڕاندەوەی تەرمەکەی و بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە.