عێراق.. بەرپرسێکی هەواڵگری لەسەر گەندەڵی دەستگیر کرا
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لە عێراق، دەستگیرکردنی بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەنبار، لەسەر گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل لە ئەنبار ڕاگەیاند.
دەستەی دەستپاکی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە تیمێک کە پێک هاتووە لە فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار توانیان ئەو بەرپرسە، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئەنبار، بەشی ڕومادی، دەستگیر بکەن، بە بەرتیلی دەستییەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتبارەکە بڕی یەک ملیۆن دیناری وەک بەرتیل لە یەکێک لە سکاڵاکاران وەرگرتووە، دوای ئەوەی وای لێ کردووە باوەڕی بەوە هەبێت کە ڕاپۆرتی ئەمنیی لە دژی هەبووە. ئەوەشی خستە ڕوو، پرۆسەی دەستگیرکردنەکە لەگەڵ فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ڕومادی دەرچووە، کە پێک هاتووە بۆ سەیر کردنی کەیسەکانی دەستپاکی، بە پشتبەستن بە بڕگەی بڕیاری "160ی ساڵی 1983".