تەندروستیی گشتیی گەرمیان هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان

دوای تۆمارکردنی دوو حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستی گەرمیان هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییان.
لە هۆشدارییەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی گەرمیاندا هاتووە، یەکێک لە تووشبووانی نەخۆشی کۆلێرا لە شارۆچکەی کەلارە کە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە و نەخۆشەکەی دیکەش لە شارۆچکەی کفریە.
هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ڕێکارەکانی خۆپارێزی بە باشیی جێبەجێ بکەن، کە ڕێنماییەکان خۆی لە دڵنیابوون لە پاکیی سەرچاوەی ئاو، شۆردنەوەی سەوزە و میوەکان بەباشی و خۆدوورگرتن لە خواردنی دەرەوە و سەردانەپۆشراو، دەبینێتەوە.
تەندروستی گشتیی گەرمیان ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە، لە کاتی بوونی حاڵەتی سکچوونی توند، دەبێت ڕاستەخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
لەگەڵ هۆشدارییەکەدا، هەموو تیمە تەندروستییەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیانی خستووەتە ئامادەباشی و ڕایسپاردوون تاوەکوو پشکنین بۆ سەرچاوەی ئاو، شوێنکار، خواردنگە، جێگە گومانلێکراوەکان بکەن، بەمەبەستی دڵنیابوونەوە و ڕێگری لە بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییەکە.