فەرماندەی سوپای ئۆکرانیا: ڕووبەڕووبونەوەی هێرشەکانی ڕووسیا زۆر قورسە
ئۆلێکساندەر سیرسکی، فەرماندەی سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، دۆخی ڕووبەڕووبونەوەی هێرشەکانی ڕووسیا زۆر قورسە، بەڵام هەموو بڕیارە پێویستەکان دراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئۆلێکساندەر سێرسکی، لە پلاتفۆرمی تێلێگرام کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاند "دۆخەکە لە بەرامبەر هێرشی سەرەکیی دوژمندا سەختە، بەڵام هەموو بڕیارە پێویستەکان لە هەموو ئاستەکاندا بەبێ دواکەوتن دەدرێن".
سێرسکی بە دیاریکراوی شوێنی هێرشە سەرەکییەکەی ڕووسیای نەخستە ڕوو، بەڵام پێشتر خۆی و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایانگەیاندبوو، مەبەستی سەرەکی هێرشی هێزەکانی ڕووسیا، شاری ستراتیجی پۆکرۆڤسکییە.
سیرسکی، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند "چەند ڕۆژێکی لە بەرەی ڕۆژهەڵات لە نزیک پۆکرۆڤسک بەسەر بردووە و شەڕی ئەوێ بە 'زۆر قورس' وەسف کردووە".
ڕووسیا لە مانگی شوباتی 2022، هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، دەستی بەسەر بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا گرتووە، هەروەها بە هۆی شەڕێکی توندەوە ڕووسیا لەو بەرەیەدا بەهێواشی بەرەو پێشەوە دەچێت.
ئۆکرانیا لە 6ـی ئابدا هێرشی پێچەوانەی بۆسەر ڕووسیا دەست پێ کرد بەتایبەتی ناوچەی کورسک، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ڕووسیا، وادیارە ئامانجی کیێڤ سەرقاڵکردنی ڕووسیایە و بەهێزکردنی پێگەکەی خۆی بووە لە هەر دانوستانێکدا لە داهاتوودا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی 2022ەوە کوژراو و برینداری سەربازانی ڕووسیا بۆ نزیکەی 616 هەزار و 300 سەرباز بەرزبووەتەوە، کە هەزار و 350 سەربازیان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا کوژراون و بریندار بوون.
هەرووەها بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لەلایەن ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی ئۆکرانیا هەشت هەزار و 592 تانک و 16 هەزار و 760 زرێپۆشی شەڕکەر، 17 هەزار و 636 سیستەمی تۆپخانە، هەزار و 176 سیستەمی موشەک و 940 سیستەمی بەرگری ڕووسیایان لەناو بردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەروەها 368 فڕۆکەی جەنگی، 328 هێلی کۆپتەر، 14 هەزار و 507 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 2 هەزار و 557 مووشەکی کروز، 28 کەشتی جەنگی، یەک ژێردەریایی، 23 هەزار و 881 ئۆتۆمبێل و تانکی سووتەمەنی، هەروەها دوو هەزار و 991 یەکەی کەرەستەی تایبەت لەناو براون.