بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێلی ئاسمانیی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە لە کارەکانیان دوورخرانەوە

فڕۆکەیەکی کۆمپانیای هێلی ئاسمانیی عێراق
فڕۆکەیەکی کۆمپانیای هێلی ئاسمانیی عێراق

K24 – هەولێر:

بەهۆی دواکەوتنی گەشتەکانی فڕۆکەی کۆمپانیای هێلی ئاسمانیی عێراق لە فڕۆکەخانەی بەغدا، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق لێژنەیەکی پێکهێنا و تیایدا بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەرپرسی کۆمپانیای هێلی ئاسمانی عێراق لە کارەکانیان.

یەکشەممە 1ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لێژنەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێنا بۆ زانینی هۆکاری دواکەوتنی گەشتەکانی فڕۆکەی کۆمپانیای هێلی ئاسمانیی عێراق لە فڕۆکەخانەی بەغدا، هاوکات 6 بەرپرس لە کارەکانیان دوورخرانەوە، کە یەکێکیان بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکەیە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ڕەزامەندی داوە بە لەسەرکارلابرانی بەرپرسەکان تاوەکوو لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان دێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە 31ـی ئابی 2024 وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند، دوو ڕۆژ 654 زیارەتکاری پاکستانی بەهۆی گرفتی تەکنیکی لە دوو فڕۆکەی هێلی ئاسمانیی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا گیریان خواردووە.

ف
ژ