ههرێمی كوردستان دهبێته خاوهنی ڕێنمایی ڕێكخستنی مافی پهناخوازان
K24 – هەولێر:
بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی جیھان، ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی ڕێنمای ڕێکخستنی مافی پەناخوازان، ئەم ڕێنمایانەش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش پەسەندی کردووە چەند وڵاتێکیش داوایان کردووە کار بەو ڕێنمایانە بکرێت.
بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی ڕێکخستنی مافی پەناخوازان، نوێنەری ھەر چوار پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆکان، ھەماھەنگی قەیرانەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوە.
بۆ یەکەم جار لەسەر ئاساتی جیھان، ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی ڕێنمای بۆ ڕێکخستنی مافی پەناخوازان، دەرکردنی ئەو ڕێنماییانەش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە.
ڕێنماییەکان لە 14 ماددە پێکھاتەوە و مافی پەناخوازی لە ھەرێمی کوردستان ڕێک دەخات و، ئەرک و مافی پەناخوازانیش دیاری دەکات.
عەمید ڕێبەر عەبدولعەزیز، سەرۆکی لێژنەی ئامادەکاری ڕێنماییەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەر کەسێک ڕەگەزنامەی عێراق نەبێت لە هەرێمەکە مافی هەیە داوای مافی پەناخوازی بکات، بەپێی بارودۆخ چەند مەترسی لەسەر ژیانی هەبێت، دەتوانێت لێرە بمێنێتەوە.
دەرکردنی ئەم ڕێنمایانە بەھۆی ئەو بۆشایە یاساییەیە کە لە ھەرێمی کوردستان بۆ مافی پەناخوازان و ئاوارە و پەنابەران ھەیە، ئەم طێنمایانە وەک یاسا جێبەجێ دەکرێن و نەتەوەیەکگرتووەکانیش پەسەندیان کردووە.
بەپێی ماددەکان ھەر کەسێک مافی پەناخوازی پێ بدرێت، مافی خوێندن، نیشتەجێبوون، خزمەتگوزاریی تەندروستی و کارکردنی هەیە. هەروەها زۆرینەی ئەوانەی داوای مافی پەنابەریان کردووە هاووڵاتی سوورین.
عەمید کامیل محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی نشینگەی ھەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: ئەم ڕێنماییە نزیکەی دوو ساڵ کاری لەسەر کرا، لەسەر ئاستی جیهان یەکەم ڕێنماییە کە تایبەتە بە پەناخواز و بە شێوەیەکی پەسەندکراو کاری لەسەر دەکرێت.