محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیای ڕاوێژکاریی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کۆدەبێتەوە
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ ڕاوێژکارانی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کۆبووەو دووپاتی لەوە کردەوە کە پێویستە پرۆژەکە ڕۆڵی سەرەکی هەبێت لە پێشخستنی ئابووریی عێراق.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، یەکشەممە 1ـی ئەیلوولی 2024، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیای ڕاوێژکاری ئۆلیڤەر وەیمان و ڕاوێژکارانی وەزارەتی گواستنەوە کۆبوەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە ژمارەیەک ڕێڕەو کرا لە پرۆژەی گەشەپێدان، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ قۆناغەکانی جێبەجێکردن بەپێی خشتەی بەشەکان، محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ دەستەی ڕاوێژکاران جەختی لەسەر پێویستیی لەبەرچاوگرتنی پێداویستییە تەکنیکی و ئابوورییەکانی پڕۆژەکە کردەوە کە ڕۆڵی سەرەکی لە ئابووری عێراق و ناوچەکەدا هەبێت.
پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان لە سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر لە مانگی نیسانی ڕابردوو، پەسەند کرا، هەروەها بەندەری فاو لە بەسرە کە تا ئێستا لە قۆناغی دروستکردندایە، لە ڕێگەی تۆڕێکی ڕێگەوبان و هێڵی ئاسن بە تورکیا دەبەسترێتەوە، کە درێژییەکەی 1275 کیلۆمەترە.
گروپی بەندەرەکانی ئەبوزەبی گرێبەستێکی سەرەتایی لەگەڵ کۆمپانیای گشتی بۆ بەندەرەکانی عێراق ئیمزا کردووە بۆ پەرەپێدانی بەندەری فاو.
مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی چوارلایەنە لەنێوان ئیمارات، عێراق، تورکیا و قەتەر بۆ هاوکاریکردنی پرۆژەی "ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیجی" ئیمزا کرا.
عێراق نزیکەی لەسەدا 10ـی یەدەگی نەوتی جیهان هەیە و لەسەدا 5ـی بەرهەمی جیهانیش پێک دەهێنێت، حکوومەتی عێراق پێی وایە هەرکاتێک پڕۆژەکە تەواو بوو، تێچووی بازرگانی نێوان چین و ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە، بەو پێیەی پێشبینی دەکرێت ئەم پڕۆژەیە عێراق ببێتە ناوەندێکی گەورەی ترانزێت، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی کاتەکانی گواستنەوە لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا.
بڕیارە پڕۆژەکە بە سێ قۆناغ تەواو بێت، یەکەم قۆناغ لە ساڵی 2028 کۆتایی دێت، دووەم لە ساڵی 2033، سێیەم قۆناغیش لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.